بازاڕی گواستنه‌وه‌عێراقگرنگترین

ئەیووب نەناح؛ هێرشبەرە نوێیەکەی یانەی زاخۆ کێیە؟

تاوەکو ئێستا چەند نازناوی بردووەتەوە و چەند یاری نێودەوڵەتی کردووە؟

Yariga App

یاریگا –

یانەی زاخۆ هێرشبەرێکی نێودەوڵەتی مەغریبی گواستەوە ریزەکانی.

هەرچەندە زاخۆ زۆر لە مێرکاتۆی هاوینەی یاریزاناندا چالاک نییە، بەڵام گرێبەستی لەگەڵ ئەیووب نەناح، هێرشبەری مەغریبی بۆ وەرزی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق واژۆ کرد.

نەناح یاریزانی فەتحی وەرزشی مەغریبی بووە و وەک هێرشبەر یاری دەکات.

نەناح لە 12ی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی 1992 (31 ساڵە) لە شاری کازابلانکا لەدایکبوووە.

هێرشبەرە مەغریبییەکە سەرەتای کاروانی وەرزشی لە یانەی رەشاد بەرنووسی دەستێپکرد و تاوەکو تەمەنی 19 ساڵی لەو یانەیە بوو. دوای بەشداریکردنی لە چەند یارییەکی خولی پلە دووی مەغریب، سەرنجی یانە گەورەکانی وڵاتەکەی راکێشا.

لە سەرەتای ساڵی 2014، پەیوەندی بە یانەی دیفاع حوسنی جەدیدی کرد. لە ئادار/مارسی هەمان ساڵدا، یەکەم بەشداری لە پاڵەوانیەتییەکی ئەفریقیدا کرد و لە یەکەم دوو یاریدا، پێنج گۆڵی کرد.

لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی ساڵی 2019دا، نەناح بەبڕی 250 هەزار یۆرۆ و بۆ ماوەی دوو ساڵ، پەیوەندی بە یانەی رەجای وەرزشییەوە کرد.

هێرشبەرە نوێیەکی یانەی زاخۆ، یەکەم نازناوی کاروانی وەرزشی خۆی لە 29ی ئادار/مارسی ساڵی 2019 بەدەستهێنا، کاتێک لەگەڵ یانەی رەجا بووە پاڵەوانی جامی سوپەری ئەفریقا و لە یانەی تەرەجی توونسییان بردەوە.

سەرکەوتنەکانی نەناح لەگەڵ رەجای وەرزشی بەردەوامبوون، لە ساڵی 2021، نەناح نازناوی جامی کۆنفیدڕاڵی ئەفریقای بەدەستهێنا، دوای بردنەوەیان لە یانەی شەبیبە قەبائیلی جەزائیری.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، نەناح بۆ یەکەمجار لە 12ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ساڵی 2014 بانگهێشتی هەڵبژاردەی مەغریب کرا، یەکەم یاری نێودەوڵەتی نەناح بەرامبەر هەڵبژاردەی موریتانیا بوو و تاوەکو ئێستاش سێ یاری نێودەوڵەتی کردووە و خاوەنی یەک گۆڵە.

نەناح یەکێک بوو لە یاریزانە بانگهێشتکراوەکان بۆ جامی ئەفریقا بۆ یاریزانانی خولەکانی ناوخۆیی ساڵی 2018، کاتێک بۆ یەکەمجار هەڵبژاردەی شێرەکانی ئەتڵەس، نازناوەکەیان بەدەستهێنا.

بابەتی زیاتر

Back to top button