گرنگترینیۆرۆی 2024

بەفەرمی بێڵینگهام بۆ یارییەک و دەمیڕاڵ بۆ دوو یاری رادەگیرێن

Yariga App

یاریگا –

بەفەرمی جود بێڵینگهامی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بۆ یارییەکی هەڵبژاردەکەی سڕ دەکرێت.

بەشێوەیەکی فەرمی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا رایگەیاند؛ جود بێڵینگهام ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بەهۆی ئەو هەڵسوکەتەی لە یاریی بەرامبەر سلۆڤاکیا لە یۆرۆی 2024 نواندی بۆ یارییەک سڕ دەکرێت.

بەڵام سزاکە دەستبەجێ نابێت و بۆ ماوەی ساڵێک کارا دەبێت، بێڵینگهام دەتوانێت بەرامبەر سویسرا یاری بکات و سزاکەی دەکەوێتە دوای یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، پێشبینی دەکرێت لە یارییەکی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا “نەیشنز لیگ” سزاکەی بەسەردا بسەپێندرێت.

هاوکات یاریزانە ئینگلیزەکە لەلایەن لێژنەی تەمبێکردن لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بەبڕی 30 هەزار یۆرۆ سزای دارایی دەدرێت.

هاوکات لێژنەی تەمبێکردن لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بەفەرمی رایگەیاند؛ بەهۆی شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی، مێری دەمیڕاڵی یاریزانی هەڵبژاردەی تورکیا بۆ دوو یاری سڕ دەکرێت و ناتوانێت بەرامبەر هەڵبژاردەی هۆڵەندا یاری بکات.

لە یاریی قۆناخی شازدەی جامی یۆرۆ بەرامبەر بە نەمسا، دەمیڕال هاوشێوەی ئەندامانی ‘گورگەکانی خۆڵەمێشی – Grey Wolves’ سڵاوی ‘گورگی’ کرد. گورگەکانی خۆڵەمێشی، گرووپێکی راستڕەوی توندڕەوی تورکیایە، نزیکی پارتی ناسیۆنالیستی تورکیا ‘MHP’یە، کە هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدانە لە حکومەتی ئێستای تورکیا.

ئاژانسی پاراستنی دەستوور لە ئەڵمانیا بزووتنەوەی گورگەکانی خۆڵەمێشی بە گروپێکی توندڕەو دادەنێت، هەروەها ئەم جۆرە سڵاوە لە فەرەنسا و نەمسا قەدەخەکراوە. لە ساڵی 2019 پەرلەمانی نەمسا بە یاسای رەتکردنەوەی سیمبووڵی رێکخراوە توندڕەوەکان، سڵاوەکەی قەدەخەکرد و بە پڕوپاگەندەی هەژمار دەکات.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button