بازاڕی گواستنه‌وه‌کوردستان

ئاکرێ دەیەوێت دوو هێرشبەری دیاری خولی نایابی کوردستان بگوازێتەوە ریزەکانی

بۆ شوێنگرەوەی ئەرکان مەنسوڕ

Yariga App

یاریگا-

ئاکرێ دەیەوێت لە ئێستاوە خۆی بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان ئامادە بکات و ئۆفەری پێشکەشی دوو هێرشبەری دیاری یانەکانی دیکەی خولەکە کردووە.

دوای بە دەستهێنانی خولی نایابی کوردستان لە وەرزی رابردوو، کارگێڕی ئاکرێ بۆ پارێزگاریکردن لە ناسناوەکە ئامانجیان پێکهێنانی پێکهاتەیەکی تۆکمەیە بۆ وەرزی 2024 / 2025ـی خولی نایابی کوردستان، بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، ئاکرێ هەوڵی گواستنەوەی دوو ئەستێرەی وەرزی رابردووی خولەکە دەدات.

رێزدار وەلی یاریزانی سۆران یەکێکە لەو یاریزانانەی ئاکرێ ئۆفەری پێشکەش کردووە و گفتوگۆی نێوانیان دەستیپێکردووە، رێزدار ئەم هاوینە ریزی سۆران جێدەهێڵیت بە هۆی دابەزینی تیپەکەی بۆ خولی پلە یەکی کوردستان و لە ئەگەری نەبوونی ئۆفەری یانەیەکی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەو هێرشبەرە لەگەڵ ئاکرێ ڕێکدەکەوێت و وەرزی داهاتوو یارییان بۆ دەکات.

یادگار ئیبراهیم یاریزانی یانەی سەید سادق و گۆڵکاری وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان ئامانجێکی دیکەی کارگێڕی ئاکرێیە، دوای مسۆگەر نەکردنی مانەوەی ئەرکان مەنسوڕی ئەستێرەی یانەکە و باشترین یاریزانی خولەکە لە وەرزی رابردوو کە پێدەچێت وەرزی داهاتوو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریی بکات، ئاکرێ دەیەوێت هەر زوو شوێنگرەوەی بۆ بدۆزێتەوە و ئامانجی یەکەمیشیان هێرشبەرەکەی سەید سادقە.

ئاکرێ دوای تەواو بوونی وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان راستەوخۆ گرێبەستی عەباس یابری گۆڵپارێزی پیشەگەری تازە کردەوە بۆ وەرزی داهاتووی خولەکە، بەم نزیکانەش پڕۆسەی نوێکردنەوەی گرێبەستی هەژار سابر لە یانەکە دەستپێدەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button