یاریگا-
سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەی زەوڕا بە سەدای عێراقی راگەیاندووە مەرجی نوێکردنەوەی گرێبەستی عیسام حەمەدی راهێنەر گرێبەست کردنە لەگەڵ یاریزانێکی هەولێر.
عیسام حەمەدی راهێنەری زەوڕا کۆمەڵێک مەرجی پێشکەش بە کارگێڕی یانەکە کردووە بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆی جێبەجێ بکەن، عیسام داوای کردووە گرێبەست لەگەڵ هەریەک لە یاریزانان عومەر نوری و ئەحمەد سەڵاح لە یانەی کەرخ و حوسێن عەلی لە شوڕتە و حوسێن جەبار لە قوەی جەوی و سەجاد محەمەد و کەڕاڕ عەلا لە نەفتی میسان و ئاکام هاشم لە یانەی هەولێر واژۆ بکەن بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو کێبڕکێی بەدەستهێنانی ناسناوەکە بکەن.
راهێنەرەکەی زەورا داواشیکردووە کەوا گرێبەستی جەلال حەسەنی گۆڵپارێز و مەیسەم جەبار و حەسەن عەبدولکەریم ناسراو بە قوقیە و لوئەی عانی نوێ بکرێتەوە و پارێزگاریان لێبکەن بۆ ئەوەی وەرزی داهاتووش لە نەورسەکانی بەغدا بەردەوام بن.
زەوڕا لە قۆناخی دووەمی خولەکە هیج شکستێکی نیە و بە 72 خاڵ لە خانەی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقە دێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە وەرزی داهاتوو بەشداری لە پاڵەوانیەتی جامی عەرەب یاخود جامی یەکێتی یانەکانی ئاسیا دەکات.