راپۆرتی تایبەتگرنگترینیۆرۆی 2024

یوێفا ترسی هەیە سیناریۆی جەزائیر لە یۆرۆی 2024 دووبارە بێتەوە؛ رۆمانیا و سلۆڤاکیا رێککەوتنی ژێربەژێر دەکەن؟

لە مۆندیالی 1982 چۆن ئەڵمانیای رۆژئاوا و نەمسا رێککەوتنی ژێربەژێریان کرد؟

Yariga App

یاریگا –

یوێفا ترسی هەیە سیناریۆی جەزائیر لە یۆرۆی 2024 دووبارە بێتەوە و رۆمانیا و سلۆڤاکیا رێککەوتنی ژێربەژێر بکەن و بەیەکەوە بگەنە قۆناخی 16.

لە کۆمەڵەی پێنجەم هەر چوار هەڵبژاردەکە خاوەنی سێ خاڵن، ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر 19:00 یارییەکانی دوایین گەڕی کۆمەڵەکە بەڕێوە دەچێت، رۆمانیا و سلۆڤاکیا لەلایەک بەیەک دەگەن و بەلجیکا و ئۆکرایناش لەلایەکی دیکە رووبەڕوو دەبنەوە، رۆمانیا و سلۆڤاکیا بە یەکسانبوونیان بەبێ ئاوڕدانەوە لە ئەنجامی یارییەکەی دیکە دەگەنە قۆناخی داهاتوو.

رۆمانیا و سلۆڤاکیا ئەگەر یەکسان بن، ئەوا پلەی دووەم و سێیەمی کۆمەڵەکەیان بەدەست دەهێنن و یەکێکیان وەکو دووەم و هەڵبژاردەکەی دیکەش وەکو باشترین سێیەم سەردەکەوێت، چونکە ژمارەی خاڵەکانی لە پلەی سێیەمی کۆمەڵەی یەکەم (هەنگاریا 3 خاڵ) و پلەی سێیەمی کۆمەڵەی دووەم (کڕواتیا 2 خاڵ) زۆرتر دەبێت و وەکو یەکێک لە باشترین چوار سێیەمەکە دەگاتە قۆناخی 16.

هەردوو هەڵبژاردەکە رەتیدەکەنەوە رێککەوتنی ژێربەژێریان کردبێت

یاریزانان و راهێنەری رۆمانیا و سلۆڤاکیا رەتیدەکەنەوە بیریان لە رێککەوتنی ژێربەژێر کردبێتەوە، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا ترسی هەیە سیناریۆی مۆندیالی 1982 دووبارە بێتەوە.

ئێدوارد لۆردانێسچۆ راهێنەری رۆمانیا لەبارەی گومانی رێککەوتنی ژیربەژێریان دەڵێت :’ئێمە لەپێناوی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم و پێشەنگی کۆمەڵەکەمان یاریی دەکەین، وەکو یارییەکانی پێشوو لە هەر چرکەیەکدا هەوڵی سەرکەوتن دەدەین، بەڵێ بێگومان یەکسانبوون لەو یارییە بۆ ئێمە بەسە، ئێمە هیوا بۆ ئەو ئەنجامەش دەخوازین، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو ئەنجامە بەدەست بهێنین پێویستە هەوڵی بردنەوە بدەین’.

لەلایەکی دیکە ستانیسلاڤ لۆبۆتکا یاریزانی سلۆڤاکیا لەبارەی یارییەکەیان گوتی :’ئێمە هێشتا بۆ لێکدانەوەی ئەگەرەکانی سەرکەوتن لە کۆمەڵەکەمان حاسیبە (ژمێرەک)ـمان بەکار نەهێناوە، لەکاتێکدا لە سلۆڤاکیا ژمێرەک زۆر بەکار دەهێنرێت’.

لە مۆندیالی 1982 چۆن ئەڵمانیای رۆژئاوا و نەمسا رێککەوتنی ژێربەژێریان کرد؟

لە مۆندیالی 1982 لە کۆمەڵەی دووەم ئەڵمانیای رۆژئاوا و نەمسا بە رێککەوتنێکی ژێربەژێر لە گەڕی سێیەمی کۆمەڵەکەیاندا، هەردووکیان سەرکەوتن بۆ قۆناخی 16، لەبەر ئەوەی پێشتر جەزائیر یاریی خۆی کردبوو 3-2 لە چیلی بردبووەوە و ئەڵمانیای رۆژئاوا بە بردنەوەی لە نەمسا هەردووکیان بەیەکەوە دەگەیشتنە قۆناخی دواتر، بە رێککەوتنی پێشوەختە ئەڵمانیای رۆژئاوا 1-0 لە نەمسای بردەوە و جەزائیر ماڵئاوایی لەو مۆندیالە کرد.

ئەڵمانیا دوای بردنەوەکەی بەرامبەر نەمسا، بە کۆکردنەوەی چوار خاڵ بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی گەیشتە قۆناخی داهاتوو، نەمساش بە چوار خاڵ بە جیاوازیی گۆڵ بەپێش جەزائیر کەوتەوە و بە پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی گەیشتە قۆناخی دواتر.

بۆ ئەوەی دەرفەتی رێککەوتنی ژیربەژێر نەبێت، لەدوای مۆندیالی 1982 فیفا بڕیاریدا یاریی سێیەمی کۆمەڵەکان لە پاڵەوانێتییە فەرمییەکان لە یەک کاتدا بکرێن، بۆ ئەوەی سیناریۆی جەزائیر دووبارە نەبێتەوە، بەڵام لە یۆرۆی ئەمجارە لەبەر ئەوەی باشترین چوار سێیەم سەردەکەون و هەر چوار هەڵبژاردەکە ژمارەی خاڵیان وەکو یەکە کە یەکەمجارە لە پاڵەوانێتییەکە ئەمە رووبدات، رۆمانیا و سلۆڤاکیا دەتوانن بە رێککەوتن بەیەکەوە بگەنە قۆناخی داهاتوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button