گرنگترینیۆرۆی 2024

پریڤیوی یاری؛ ئیتاڵیا و کڕواتیا لەپێناوی یاوەریکردنی ئیسپانیا رووبەڕوو دەبنەوە

ئیتاڵیا لە سوپرایزە گەورەکە دەترسێت

Yariga App

یاریگا –

ئەمشەو لە کۆمەڵەی دووەمی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، ئیتاڵیا و کڕواتیا لە یاریگای رێد بول ئارینا بە ناوبژیوانیەتی دانی ماکیلی بەیەک دەگەن، هەردوو هەڵبژاردەکە لەپێناوی یاوەریکردنی ئیسپانیا بۆ قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە دەجەنگن و لە هەمان کاتیشدا چاویان لەسەر ئەنجامی یارییەکەی ئیسپانیا و ئەلبانیا دەبێت.

Image

ئیتاڵیا پێش یارییەکە لێدانێکی کوشندەی بەرکەوت

لوچیانۆ سپالێتی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا پێش ئەم یارییە لێدانێکی کوشندەی بەرکەوت، فێدریکۆ دی مارکۆ بەهۆی پێکانەوە بەشداریی دوایین مەشق و راهێنانەکانی هەڵبژاردەکەی نەکردووە و ئەستەمە بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادە بێت.

رۆژنامەی کۆرێری دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، فێدریکۆ دی مارکۆ دوێنێ شەممە بە جیاوازی راهێنانی کردووە و پێشبینی دەکرێت لە یارییەکەی کڕواتیا ماتیۆ دارمیان یان ئاندریا کامبیاسۆ شوێنی بگرنەوە.

Image

مۆدریچ و هاوڕێیەکانی یاریی مان و نەمان دەکەن، ئیتاڵیاش حیساباتی قۆناخی 16 دەکات

کڕواتیا دوای دۆڕانە گەورەکەی بەرامبەر ئیسپانیا و یەکسانبوونەکەی لەگەڵ ئەلبانیا، لە یاریی سێیەمی بەرامبەر ئیتاڵیا یاریی مان و نەمان دەکات، کڕواتیا جگە لە بردنەوە بە هیچ ئەنجامێکی دیکە سەرناکەوێت، مۆدریچ و هاوڕێیەکانی تەنیا خاڵێکیان هەیە و لە کۆتا خانەی کۆمەڵەی دووەم دێن.

ئیتاڵیا پێچەوانەی کڕواتیا بە یەکسانبوونیش دەگاتە قۆناخی 16، بەڵام ئەگەر ئەلبانیا سوپرایزێکی گەورە تۆمار بکات و لە ئیسپانیا بباتەوە و کڕواتیاش لە ئیتاڵیا بباتەوە، ئەوا ئیتاڵیا ناگەتە قۆناخی داهاتوو.

ئیتاڵیا ئەگەر بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی سەربکەوێت لە قۆناخی داهاتوو رووبەڕووی سویسڕا دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر ئازۆری بە پلەی سێیەم بگاتە قۆناخی داهاتوو ئەوا رووبەڕووی پۆرتوگاڵ یان پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی بەلجیکا دەبێتەوە.

Image

چوار یاریزانی ئیتاڵیا هەڕەشەی راگیرانیان لەسەرە

هەریەکە لە ریکاردۆ کالافیۆری، لۆرێنزۆ پێلیگرینی، جیانلویجی دۆنارۆما و بریان کریستانتی کارتی زەردیان هەیە و لە یارییەکەی کڕواتیا هەریەکێکیان کارتی زەردیان بەڕوودا بەرز بکرێتەوە، ئەوا لە یاریی قۆناخی 16 بێبەش دەبن ئەگەر هەڵبژاردەکەیان سەربکەوێت.

چوار یاریزانەکەی ئیتاڵیا ئەگەر لەم یارییەش کارتی زەرد وەرنەگرن، لە قۆناخی داهاتوو مەترسییان لەسەر دەبێت بۆ قۆناخی دواتر بێبەش بن، چونکە بەگوێرەی یاساکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بۆ پاڵەوانێتییەکە، تاوەکو قۆناخی چارەکی کۆتایی هیچ کارتێکی زەرد ناسڕێتەوە.

مێژووی رووبەڕووبوونەوەکانیان لە یارییە فەرمییەکاندا

لە مێژووی رووبەڕووبوونەوەیاندا، ئیتاڵیا و کڕواتیا نۆ جار رووبەڕوو بوونەتەوە و ئازۆری ئەنجامەکانی بەرامبەر کڕواتییەکان باش نییە، تەنیا جارێک توانیویەتی بردنەوە بەدەست بهێنێت، کەچی لە سێ یاریی تووشی شکست بووە و لە پێنج یاریش یەکسان بوون.

دوایین رووبەڕووبوونەوەیان لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا 12 ساڵ لەمەوبەر بوو کاتێک لە یۆرۆی 2012 هەردوولا لە قۆناخی کۆمەڵەکان 1-1 یەکسانبوون، هەردوو هەڵبژاردەکە لە دوایین سێ یارییاندا بە ئەنجامی 1-1 یەکسان بووینە.

بابەتی زیاتر

Back to top button