یاریگا-
لە یاری لوتکەی گەڕی 34ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق شوڕتەی پێشەنگی یانەکان شکستی بە تەڵەبە هێنا و هەنگاوێک بەرەو ناسناوەکە نزیک دەبێتەوە.
موئمین سلێمان راهێنەری یانەی شورتە دوای تەواو بوونی یاریەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رایگەیاند لە دوای یاری زاخۆوە مەشقیان نەکردووە و ئەمڕۆش کاریگەری زیاترمان لە سەر دەرکەوت، موئمین دەربارەی تیپەکەی زیاتر گوتی:
یاریەکەمان ئاسان نەبوو بەرامبەر تەڵەبە چونکە لە یاری زاخۆ توانایەکی جەستەیی زۆرمان لە دەستدا بەهۆی دووری رێگاکەمانەوە، لە دوای یاری زاخۆوە تنها 15 خولەک مەشقمان کردووە، سوپاس بۆ یاریزانەکانم تایبەت هەر دوو یاریزانی یەدەگ موهەنەد عەلی و عەلی حوسنی کە ڕۆڵی تەواویان هەبوو، سوپاس بۆ راهێنەری توانای جەستەیی کە ڕۆڵی لەمن زیاترە لە نێو تیپەکە، خول هێشتا کۆتایی نەهاتووە و پێویستە زیاتر خۆمان ماندووبکەین تاوەکو ببینە پاڵەوان.
نیاز محەمەد بەرگریکاری کوردی یانەی تەڵەبە سەبارەت بە ئەنجامەکانی ئەم دواییەی یانەکە و شکستیان بەرامبەر شوڕتە گوتی:
ئاستێکی بەرزمان پێشکەشکرد بەرامبەر یانەیەک کە لە پلەی یەکەمی خولەکەن، بەهۆی هەڵەی یاریزانی بەرگریکار سەرکەوتنمان پێشکەشی شوڕتە کرد، تەڵەبە شایستەی ئەو ئەنجامانەی ئەم دواییە نیە و بەڵێن بە هاندەرانمان دەدەین بۆیان قەرەبوو دەکەینەوە لە یارییەکانی داهاتوو.
تەنها چوار هەفتە ماوە بۆ کۆتایی هاتنی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق و شوڕتە بە 77 خاڵ و جیاوازی پێنج خاڵ لەگەڵ قوەی جەوی لە خانەی یەکەمدایە و تەڵەبەش بە 48 خاڵ لە خانەی هەشتەم دێت و یاریەکی دواخراویشی هەیە.