گرنگترینیۆرۆی 2024

یوێفا روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە؛ وێنەیەکی رۆدریگەر لە یۆرۆی 2024 هەرا دەنێتەوە

Yariga App

یاریگا –

وێنەیەکی رۆدریگەر لە یۆرۆی 2024 هەرا دەنێتەوە و بەرگریکارە موسڵمانە ئەڵمانییەکە بەوە تۆمەتبار دەکرێت بانگەشەی ئاینی کردووە و پێچەوانەی یاسا و رێساکانی فیفای کردووە.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا پێش دەستپێکی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بۆ هەر یاریزانێکی بەشداربوو لە پاڵەوانێتییەکە 10 وێنەی دەگیرێت بۆ ئەوەی لە پۆستەر و پێکهاتە و کارە میدیاییەکان سوودی لێوەربگیرێت، بەڵام لەنێو ئەو 624 یاریزانەی بەشداریی پاڵەوانێتییەکەیان کردووە وێنەیەکی ئەنتۆنیۆ رۆدیگەر زۆرترین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.

Image

دوای ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیا قسەی زۆر لەبارەی وێنەکەی رۆدیگەر بڵاوکرایەوە، ئەنتۆنیۆ رۆدیگەر لە رێگای رۆژنامەی بیلدی ئەڵمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەو لەسەر داوای فۆتۆگرافەرەکە ئەم جوڵانەوەیەی کردووە و ئەو داوای لێیکردووە بەمشێوەیە بوەستێت، بە گوتەی رۆدیگەر جگە لەو چەند یاریزانێکی دیکەی ئەڵمانیش بەهەمان ستایل وێنەیان گرتووە و رۆژنامە ئەڵمانییەکە وێنەی تێرشتیگن و یاریزانەکانی دیکەی ئەڵمانیای بڵاوکردووەتەوە کە پەنجەی راستیان بەرزکردووەتەوە.

لەلایەکی دیکە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا لە رێگای تۆڕی وەرزشی ریلیڤۆی ئیسپانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی وێنەکەی رۆدیگەر بڵاوکردووەتەوە و رەتیکردووەتەوە ستایلی وێنەکەی رۆدیگەر هیچ بابەتێکی ئایینی لەپشتەوە بێت، یوێفا دووپاتیکردووەتەوە تێرشتیگن و چەند یاریزانێکی دیکەی ئەڵمانیش بە هەمان ستایل وێنەیان گرتووە کە هێمایەکە بۆ ئاهەنگگێڕانیان بەبۆنەی گۆڵکردن، نەوەک هیچ پەیامێکی ئاینی.

پێشتریش رۆژنامەنووسێکی ئەڵمانی بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی لەسەر بەرماڵ، رۆدیگەری بە ‘داعش’ ناوبردبوو، کە بەرگریکارە موسڵمانەکە بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز وێنەیەکی خۆی بڵاوکردبووەوە پەنجەی دەستی راستی بەرزکردبووەوە.

جولیان رایچێلت رۆژامەنوونووسی ئەڵمانی لە مانگی رەمەزانی پێشوو لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێکس رۆدیگەری بە داعش ناوبردبوو، کە دواتر رۆدیگەر و یوێفا لە دادگا سکاڵایان لەسەری تۆمارکرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button