بازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

دەنگۆکانی مێرکاتۆ؛ ئارسێناڵ گۆڵپارێزێکی ریال مەدریدی دەوێت و ئاتلێتیکۆش چیدیکە فێلیکس بە خواستن نادات

دوا دەنگۆ و هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە گواستنەوەی یاریزانان لە مێرکاتۆی هاوینەدا

Yariga App

یاریگا –

دوایین دەنگۆیەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی ئەمڕۆ چوارشەممە (12ـی یۆنیۆ/حوزەیرانی 2024) لە رۆژنامە و میدیاکانی ئەوروپا..

– ڤینسێنت کۆمپانی راهێنەری بایرن میونشن داوای جۆ گۆمێز بەرگریکاری لیڤەرپوولی کردووە – دەیلی میرەر.

– ئارسێناڵ دەیەوێت ئاندریێ لونین گۆڵپارێزی ئۆکراینی لە ریال مەدریدەوە بباتە ریزەکانی کە گۆڵپارێزە ئێستا پەیوەندی لەگەڵ کارلۆ ئانچێلۆتی باش نییە – کادێنا کۆپ.

– تیۆ هێرناندێز ئارەزوو دەکات بگەڕێتەوە ریال مەدرید، ئەگەر یانە ئیسپانییەکە لە گواستنەوەی ئەلفۆنسۆ دەیڤز شکستیهێنا – سپۆرت.

– مەیسن گرینوود حەز دەکات بچێتە ریزەکانی یوڤێنتۆس، کە یانە ئیتاڵییەکە ئامادەیە 30 ملیۆن یۆرۆ و هەندێک پاداشتی دارایی بەو یاریزانە بدات، لەکاتێکدا مانچێستەر یونایتد لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی لەو یاریزانە داوای 50 ملیۆن یۆرۆ دەکات – دی مارزیۆ.

– بارسێلۆنا دەیەوێت بۆ ماوەی وەرزێکی دیکە بە خواستن جواو فێلیکس لە یانەکەی بهێڵێتەوە، بەڵام ئاتلێتیکۆ مەدرید بەمە رازی نییە و داوا دەکات بەرامبەر 50 ملیۆن یۆرۆ یاریزانە پۆرتوگاڵییەکە بە یانە کەتەلۆنییەکە بفرۆشێت – موندۆ دیپۆرتیڤۆ.

– ریال مەدرید هێشتا لەبارەی گواستنەوەی ئەلفۆنسۆ دەیڤز گەشبینە و مەدریدییەکان هیوایان ماوە ئەم هاوینە بەرگریکارە کەنەدییەکە بگوازنەوە سانتیاگۆ بێرنابیۆ – ریلیڤۆ.

– ئاستۆن ڤیلا و یوڤێنتۆس نزیکن بگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی گۆڕینەوەی دۆگلاس لویز و مەککینی، هەردوولا لە گفتوگۆکانیان زیاتر بەرەو پێشەوە چوون و یوڤی لەسەر بەندە کەسییەکانی لەگەڵ دۆگلاس لویز رێککەوتووە – فابریزیۆ رۆمانۆ.

– وێستهام لەگەڵ پالمێراس گەیشتە رێککەوتن بەرامبەر 23 ملیۆن یۆرۆ لویس گویلێرمی لە یانە بەڕازیلییەکەوە دەباتە ریزەکانی، کە بەگوێرەی گرێبەستەکەی 7 ملیۆن یۆرۆی دیکەش وەکو پاداشتی دارایی دەچێتە سەر گرێبەستەکەی و یاریزانە بەڕازیلییەکە تا ساڵی 2029 گرێبەستەکەی لەگەڵ هامەرز واژۆ دەکات – فابریزیۆ رۆمانۆ.

– یوڤێنتۆس دەیەوێت جەیدن سانچۆ لە مانچێستەر یونایتدەوە بگوازێتەوە ریزەکانی، کە دوای مسۆگەربوونی مانەوەی تێن هاخ رۆیشتنی ئەو یاریزانە لە یانە ئینگلیزییەکە یەکلابووەتەوە – دەیلی مەیل.

– یانەی نەسڕی سعوودی ئۆفەرێکی ئامادە کردووە بە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئەوەی ئەنتۆنیۆ رۆدیگەر بەرگریکاری ئەڵمانی یانەی ریال مەدرید بۆ ماوەی چوار ساڵ بگوازێتەوە ریزەکانی – ئێلچێرێنجیتۆ.

– بارسێلۆنا دەیەوێت جێرێمی فریمپۆنگ بەرگریکاری بایەر لیڤەرکوزن بگوازێتەوە ریزەکانی کە ریال مەدریدیش چاوی لەسەر ئەم بەرگریکارەی لیڤەرکوزنە، فریمپۆنگ تا ساڵی 2028 گرێبەستی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکە هەیە و لە بۆرسەی یاریزانان بەهایەکەی 50 ملیۆن یۆرۆیە – سپۆرت.

– مانچێستەر سیتی ئامادەیە هەموو کارئاسانییەک بکات بۆ ئەوەی جواو کانسێلۆ لە بارسێلۆنا بەردەوام بێت و یاریزانە پۆرتوگاڵییەکەش دەیەوێت لە یانە کەتەلۆنییەکە بەردەوام بێت – موندۆ دیپۆرتیڤۆ.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button