سوودە داراییەکانی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید
یاریگا –
ریال مەدرید سوودێکی دارایی بەرچاو لە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ ئەستێرەی فەرەنسی یانەکەی وەردەگرێت.
سێ رۆژ لەمەوبەر کیلیان ئێمباپێ بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر بە فەرمی پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، هەر لە یەکەم خولەکی پەیوەندیکردنی بەم یانەیەوە، بوو بە سەرچاوەیەکی سەرنجڕاکێش و نایابی داهات بۆ یانەکە و ملیۆنان یۆرۆ لە دوای هاتنی بەسەر یانەکەدا دەستی بە بارین کرد.
ریال مەدرید پێشتر رایگەیاندبوو کە بەنیازە لە رۆژی چوارشەممەی داهاتووەوە دەست بە فرۆشتنی درێسی ئەم ئەستێرە فەرەنسییە بکات بەڵام وادیاربوو بەبێ درێسی ئێمباپێ درێسی وەرزی نوێیان نمایش کرد. لە هەمان کاتدا کۆمپانیای ئەدیداس کە سپۆنسەری دارایی و بەرهەمهێنەری جلوبەرگی ئەم تیپەیە، پێشتر رایگەیاندبوو کە بەنیازە لە رۆژی هەینیەوە درێسی وەرزی داهاتوو پێشکەشی هاندەران بکات، پێشبینیش دەکرێت هەزاران درێس بەناوی ئەم یاریزانە بۆ هەواداران بەردەست بێت کە بە نرخی 150 یۆرۆ لە سەرانسەری جیهان دەفرۆشرێت.
ژمارەی درێسی یاریزانان بە خاڵێکی زۆر گرنگ دادەنرێت لە بواری مارکێتینگ و سوودی دارایی هەر یاریزانێک. ئەم یاریزانە بڕیارە درێسی ژمارە 9ی ریال بپۆشێت کە دوای رۆیشتنی کەریم بێنزێما هیچ یاریزانێکیتر لەبەری نەکردووە. ئێمباپێ کە لە ساڵی 2018ەوە لە پاریس سانجێرمان ژمارە حەوتی لەبەر دەکرد، حەزی لەو ژمارەیە بەڵام ئەم ژمارەیە ئێستا هی ڤینیسیۆس جونیۆرە و ناتوانێت وەری بگرێت.
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ئێمباپێ لەگەڵ ریال مەدرید لەسەر رێککەوتنی تەواو بۆ واژۆکردنی گرێبەست، مافی پەخشکردنی ئەو وێنانە بوو کە دراوە بەو یاریزانە. لە سەردەمی ریال گالاکسیەوە تاوەکوو ئێستا لەم یانەیەدا مافی پەخشکردنی وێنەکان بە 50-50 لە نێوان یاریزان و یانەکەدا دابەش دەکرێت.
ئەم یاسایە یەکێک بوو لە بناغە سەرەکییەکانی سەردەمی ئەفسانەیی ریال کە لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێزەوە دامەزرا و توانی بەشێکی گرنگ لەو بڕە پارەیەی کە بۆ کڕینی یاریزانانی وەک لویس فیگۆ و رۆناڵدۆ و دەیڤد بێکهام و زێدان بۆ ئەم یانەیە درابوو بگەڕێنێتەوە.
یەکەم یاریزان کە ئەم یاسایەی شکاند، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو، ئەگینا پێدانی مووچەکەی بۆ یانەکە ئەستەم دەبوو. هەروەها دەگوترێت ئێرلینگ هالاند 100% مافی وێنەکانی لە مانچێستەر سیتی لە دەستی خۆی دایە. لە لایەکی ترەوە ئێندریک ئامادەیە ئەم مەرجانە لە ریال قبوڵ بکات.
هێشتا روون نییە کە ئایا ئێمباپێ توانیویەتی 100% مافی پەخشکردنی وێنەکانی لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئەم یانەیەدا بهێڵێتەوە یان نا، هەرچەندە رەنگە ئاسان بێت پێشبینی ئەوە بکرێت کە لە پاریس سانجێرمان توانیویەتی ئەم کارە بکات و لە ریاڵیشدا لانیکەم 80%ی ئەم مافەی پاراستووە، ئەگەرنا گرێبەست کردن لەگەڵی زۆر قورس دەبوو.
ئێستا باسی چەند ملیۆن یۆرۆ دەکەین. بەپێی دوایین ژمارەی رۆژنامەی فۆربێس لە ساڵی 2023، ئێمباپێتەنیا لە ریکلامی بازرگانیدا زیاتر لە 20 ملیۆن یۆرۆی دەستدەکەوێت، بەڵام کاتێک پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکات، ئەم بڕە پارەیە بە ئاسانی دەتوانێت چەند هێندە زیاد بکات بەو پێیەی ئێستا خاوەنی وێنەی جیهانی خۆیەتی.
ئەم یاریزانە ئێستا لە پلەی نۆیەمدایە لەنێو ئەو وەرزشوانانەی زۆرترین فۆڵۆوەریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەیە. زیاتر لە 117 ملیۆن فۆڵۆوەری هەیە. کەریم بێنزێما، دەیڤد بێکهام، رۆناڵدینیۆ، لیبرۆن جەیمس، رایت کێلی، نەیمار، لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەو یاریزانانەن کە زۆرترین داهات لە ڕێگەی ئەکاونتەکانیان بەدەست دەهێنن. قازانجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆ تەنانەت لە گرێبەستەکاندا بە بڕگەی تایبەت باس دەکرێت.
ئەم ئەستێرە فەرەنسییە لە رابردوودا زیرەکی نواندووە و ناوی براندەکەی بە هیچ ژمارەیەکی دیاریکراوەوە نەبەستووەتەوە. ئەمەش رێگەی پێدەدات لە ریال مەدرید ژمارە 9 لەبەر بکات و هەرکاتێک دەرفەتی بۆ رەخسا بۆ ژمارە 10 بیگۆڕێت.
ئەو لە نازناوی خۆی و ئاهەنگگێڕانە تایبەتەکەی توانیویەتی بازرگانییەکی باش بکات و هەوڵیداوە لە 27 وڵاتی یەکێتی ئەوروپادا براندێکی تایبەتی خۆی بکاتەوە و لە 8ی شوباتدا توانی بە هاوکاری کۆمپانیایەکی یاسایی لە پاریس مۆڵەتی تایبەتی خۆی بەدەستبهێنێت.
ئێمباپێ بڕاندێکی بە ناوی K M هەیە کە لە بوارەکانی ماکیاژ، هەویری ددان، بۆن و ئیکسسوارات کار دەکات و هەروەها ئێستا سێ سپۆنسەری سەرەکی هەیە، ئەوانیش نایکی کە سپۆنسەری جلوبەرگەکانی دەکات، هوبلۆت و ئۆکلی. ئێمباپێ کە سەرنجڕاکێشترین یاریزانی ئێستای مەدرید دادەنرێت و دەتوانێت قازانجێکی زۆر بۆ خۆی و بۆ ئەم یانەیە بهێنێت.