کریستیانۆ رۆناڵدۆ: رێکۆردەکان بە دوای منەوەن
یاریگا –
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پورتوگالی یانەی نەسر، دڵخۆشە بەوەی جارێکی دیکە مێژووی لە جیهانی تۆپی پێدا نووسیوەتەوە.
شەوی رابردوو نەسری سعودی لە چوارچێوەی هەفتەی 34ی خولی تۆپی پێی سعودیە رووبەڕووی ئیتیحاد بووەوە و توانی بە ئەنجامی 4-2 بەرامبەر ئەم تیپە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و یەکێک لە گرنگترین یارییەکانی ئەم وەرزە کۆتایی پێبهێنێت.
رۆناڵدۆ ئەستێرەی یەکەمی تیپەکەی بوو لەم یارییەدا، کە توانی دوو گۆڵ لە گۆڵەکان تۆمار بکات، سەرەڕای ئەوەی کە پێش کۆتایی یارییەکە یاریگای جێهێشت، بەڵام یارییەکی گرنگی پێشکەش کرد رۆڵی لە بەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنە هەبووە و سەلماندی کە هێشتا توانای درەوشانەوەی هەیە لەم تەمەنەدا.
هێرشبەرە 39 ساڵەکە کە پێدەچوو زۆر دڵخۆش و رازی بێت بە ئاستە باشەکەی لەم یارییە گرنگەدا، دوای کۆتایی هاتنی ئەم یارییە، وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە باسی لە نووسینەوەی رێکۆردێکی نوێ دەکرد و رۆناڵدۆ بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی تۆپی پێی سعودییەدا کە لە یەک وەرزدا بتوانێت 35 گۆڵ بکات.
I don’t follow the records, the records follow me. 🇸🇦 pic.twitter.com/rqywmmTfZD
— Cristiano Ronaldo (@Cristiano) May 27, 2024
سەبارەت بەم ژمارە پێوانەییە نوێیە رۆناڵدۆ نووسی:
من شوێنپێی رێکۆردەکان ناکەوم، ئەوان بە دوای مندا دێن.
ئەم ئەستێرە پورتوگالییە لەم وەرزەدا توانیویەتی لە 31 یارییدا 35 گۆڵ بکات و هەروەها 11 ئەسیستیشی هەبووە و کاریگەری راستەوخۆشی لەسەر 46 گۆڵی تیپەکەی هەبووە و ئێستاش بەم ئاستەی بۆ یارییەکانی یۆرۆی 2024 لە ئەڵمانیا ئامادەیە یارمەتی هەڵبژاردەکەی بدات.