ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترینیاریگا

لیڤەرپوول چۆن سڵۆتی هەڵبژارد؟ باشترین جێگرەوەی کڵۆپە؟

بابەتێکی تایبەتی تۆڕی وەرزشی یاریگا لەبارەی وردەکارییەکانی گواستنەوەی سڵۆت بۆ ئانفیڵد

Yariga App

یاریگا –

لە ناوەڕاستی ئەپریل/نیسانی رابردوو بوو، کاتێک ریچارد هیوز بە فڕۆکە روویکردە هۆڵەندا. ئەوکاتە دەنگۆی جیاواز لەبارەی شوێنگرەوەی یۆرگن کڵۆپ هەبوون، سەرنجی سەرەکی میدیاکان لەسەر روبن ئامۆریم، راهێنەری سپۆڕتینگ لیسبۆنی پۆرتوگالی بوو.

بەڵام جیا لە گەشتێک بۆ لیسبۆن، بەڕێوەبەری وەرزشی لیڤەرپوول لەگەڵ ئارنە سڵۆت، راهێنەری ئەوکاتی فاینۆرد لە نزیک شاری رۆتێردام کۆبووەوە. لەو دانیشتنەدا هیوز بڕیاریدا سڵۆت بکاتە شوێنگرەوەی کڵۆپ.

ئەمە یەکەمجاربوو هیوز لەگەڵ سڵۆت کۆببێتەوە، بەڵام چەند هەفتەیەک بەر لە کۆبوونەوەکە، هیوز هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی وردی بۆ ئامارەکانی سڵۆت کردبوو، بۆیە راهێنەرە هۆڵەندییەکە ببوە بژاردەی یەکەمی لیڤەرپوول.

لە کۆبوونەوە فەرمییەکەدا، سڵۆت بەرگەی رەتکردنەوەی ئۆفەری یانەیەکی وەک لیڤەرپوولی نەبوو، بەڵام بەهۆی لانەبردنی سەرنجی سڵۆت و یانەکەی لە یاری کۆتایی جامی هۆڵەندا لە بەرامبەر نیمیخێن (21ی نیسان/ئەپریلی رابردوو) هیچ شتێک رانەگەیێندرا. لیڤەرپوول چاوەڕێی دوای یارییەکەی کرد، ئینجا ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەشی یانە هۆڵەندییەکە کرد.

دێنیس تێ کلۆس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فاینۆرد، گفتوگۆکانی زۆر بە توندی لەگەڵ لیڤەرپوول دەستپێکرد ولە کۆتاییدا توانی بڕی 11 ملیۆن یۆرۆ لە گواستنەوەکە بۆ یانەکەی دەستبخات.

سڵۆت بە گرێبەستێکی سێ ساڵە لەگەڵ لیڤەرپوول رازیبوو، تەنانەت لەگەڵ گۆڕانکارییەکی ئەم دواییەی هەیکەلیەتی کارگێڕی لیڤەرپوول، سڵۆت رازیبووە ناونیشانی بەڕێوەبەری هونەری تیم نەبێت، بەڵکو وەک راهێنەر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. هەروەها راهێنەرە هۆڵەندییەکە هەریەکە لە سپایک هوڵشۆف و روبن پیتێرس وەک یاریدەدەری یەکەم و بەڕێوەبەری توانستی لەگەڵ خۆی دەباتە ئانفیڵد.

راگەیاندنی فەرمی گرێبەستەکە تاوەکو دوای تەواوبوونی وەرزی پرێمەرلیگ دواخرا، ئەمەش رێگەی بە کڵۆپ و سڵۆتدا، بە فەرمی ماڵئاوایی لە یانەکانیان بکەن. سڵۆت لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، کارەکانی لەگەڵ لیڤەرپوول دەستپێدەکات.

لەم بابەتە شیکارییەدا، هۆکارەکانی دەستنیشانکردنی سڵۆت وەک راهێنەری لیڤەرپوول ئاشکرا دەکرێن، هەروەها دۆخی نێو یانەکە لە دوای بڕیاری کڵۆپ بە جێهێشتنی ئانفیڵد.

  • چۆن و بۆچی سڵۆت دەستنیشانکرا؟
  • ئێرنێستۆ ڤالڤێری و لوسیانۆ سپالێتی نزیکبوون لە وەرگرتنی پۆستەکە؟
  • کێشەی قووڵی نێوان لیڤەرپوول و فاینۆرد لە کاتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان چیبوو؟

بەر لە بڕیاری کڵۆپ بە جێهێشتنی یانەکە لە 27ی یەنایەر/کانوونی دووەمی ئەمساڵ، بەڕێوەبەران و خاوەنی یانەکە ئاگاداری بڕیارێکی لەمشێوەیە بوون و دوو مانگبوو، خەریکی ئامادەکاری بوون، چونکە دەیانزانی گۆڕانکاری گەورە روودەدەن.

دەستەی کارگێڕی لیڤەرپوول داوای لە وڵ سپێرمان، بەڕێوەبەری توێژینەوە و تیمەکەی کرد، خشتەیەک بۆ داواکارییەکانی یانە ئامادەبکەن و بە دوای ژمارەکان بگەڕێن.

لە سەرووی هەموو شتێکەوە، هەموو هەوڵێکی دەستەی کارگێڕی گەڕانەوەی ئێدواردس، یاریزانی پێشووی سکۆتلاندی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئێستای یانەکە بوو. چونکە ئامادەکاری بۆ سەردەمی دوای کڵۆپ ئاسان نەبوو.

لیڤەرپوول سەرنجی تەواوی لەسەر دەستنیشانکردنی راهێنەرێک دانا کە خاوەن ناسنامەی خۆی بێت و بتوانێت شێوازەکەی جێبەجێ بکات، هەروەها توانای بەرەوپێشبردنی ئاستی یاریزانانی لاوی هەبێت، مەرجیش نەبوو راهێنەرەکە زۆر بەناوبانگ بێت، بۆیە هیوز (بەڕێوەبەری وەرزشی) و ئێدواردس خۆیان بۆ سەردەمێکی نوێ ئامادە کرد.

هیوز پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ئیناکی ئیبانێز، بەڕێوەبەری کارەکانی چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری بایەر لیڤەرکوزن هەیە، بۆیە پرسیاری ئامادەیی ئاڵۆنسۆی بۆ هەر گۆڕانکارییەک لێکرد، بەڵام ئینکای نیازی ئاڵۆنسۆی بۆ مانەوە لە لیڤەرکوزن بە نوێنەری لیڤەرپوول گەیاند، بۆیە راهێنەرە ئیسپانییەکە لە بژاردەکانی لیڤەرپوول دوورخرایەوە. لە 29ی مارس/ئادار ئاڵۆنسۆ مانەوەی خۆی راگەیاند.

لیڤەرپوول گرنگییەکی زۆر بە ئامار و داتای یاریزان و راهێنەران دەدات، سپێرمان کە بەڕێوەبەری بەشەکەیە و لەدایکبووی چیکاگۆ و دەرچووی زانکۆی هارڤاردە. متمانەیەکی زۆری لە نێو دەستەی کارگێڕیدا هەیە و کلیلی یەکەمی گرێبەستەکانە.

لە ناوەڕاستی فێبرایەر/شوباتی رابردوودا، دەستەی کارگێڕی لیڤەرپوول گەیشتە ئەو بڕوایەی، مەحاڵە هاوشێوەیەکی کڵۆپ بدۆزرێتەوە، بەڵام چەند خەسڵەتێکییان لە سڵۆتدا تێبینی کرد، کە هاوتەریبە لەگەڵ کڵۆپ کە حەوت نازناوی گەورەی لە ماوەی 9 ساڵدا لە مێرسیساید بردەوە.

داتاکان زۆر لە بەرژەوەندی سڵۆتدا بوون، چونکە هاوشێوەی کڵۆپ گرنگی بە یاریزانی لاو و سەرخستنیان بۆ تیمی یەکەم دەدات، لە مایس/ئایاری ساڵی 2022 سەرکردایەتی فاینۆردی کرد بۆ گەیشتن بە یاری کۆتایی کۆنفرانس لیگ (1-0 بە رۆما دۆڕا)، لەسەر ئاستی ناوخۆش خەڵاتی باشترین راهێنەری ساڵی خولی هۆڵەندی بەدەستهێنا. سەرەڕای چوونە دەرەوەی چەندین یاریزانی گرنگ، لە وەرزی دواتر گەیشتە قۆناخی چارەکی کۆتایی یۆرۆپالیگ، جامی هۆڵەندای بردەوە و پلەی دووەمی خولی هۆڵەندی لە دوای ئایندهۆڤن بەدەستهێنا.

هیوز، بەڕێوەبەری وەرزشی لیڤەرپوول قسەی لەگەڵ چەندین یاریزاندا کرد، کە پێشتر لە ژێر سەرپەرشتی سڵۆت یارییان کردبوو، لەوانە مارکۆس سێنسی، بەرگریکاری بۆرنمس، کە ئەویش زۆر ستایشی سڵۆت و شێوازی بەڕێوەبەردنی یانەکەی کرد.

ناوی زۆر راهێنەر بە لیڤەرپوول بەسترانەوە، لەوانە ئامۆریم (راهێنەری لیسبۆن)، رۆبێرتۆ دی زێربی (راهێنەری برایتن)، سیمۆنی ئینزاگی (راهێنەری ئینتەر میلان)، تۆماس توخێل (بێ یانە)، ئێرنێستۆ ڤالڤێردی (راهێنەری ئاتلێتیک بیلباو). بەڵام بەڕای هیوز و ئێدواردس هەموویان خەسڵەتی لیڤەرپوولییان تێدانییە، جگە لە ئاڵۆنسۆ کە ئەویش مانەوەی خۆی لە یانەکەی راگەیاند.

هەرچەندە کە کڵۆپ وازهێنانی لە راهێنەرایەتی لیڤەرپوول راگەیاند، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فاینۆرد هەرگیز بڕوایان نەدەکرد، بیر لە سڵۆت بکرێتەوە، تەنانەت تاوەکو پێشکەشکردنی ئۆفەرەکەش، فاینۆرد لە راپۆرتەکانی رۆژنامەوانی دڵنیا نەبوو. بەڵام دۆخەکە بە دراماتیکی گۆڕا و نوێنەرەکەی لیڤەرپوول لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سڵۆت، هەموو شتی یەکلاییکردەوە.

لە هاوینی رابردوودا، یانەکانی لیدز یونایتد، کریستال پاڵاس و تۆتنهام هۆستپێرس ئۆفەرییان پێشکەش بە سڵۆت کردبوو، بەڵام راهێنەرە هۆڵەندییەکە ئۆفەرەکانی رەتکردبووەوە، رەنگە ئەمەش ”خێری” بۆ سڵۆت تێدابێت.

گفتوگۆی فەرمی نێوان لیڤەرپوول و فاینۆرد لە 24ی ئەپریل/نیسانی رابردوو دەستیپێکرد، ئۆفەری یەکەمی لیڤەرپوول 9 ملیۆن یۆرۆ بوو و دەستبەجێ رەتکرایەوە. بەڵام چەند رۆژێک دوای رەتکردنەوەی ئۆفەرەکە، سڵۆت لە پرێس کۆنفرانسی بەر لە یارییەکەی فاینۆرد بەرامبەر گۆ ئەهێد ئیگڵس بەڕوونی نیازی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی لیڤەرپوول ئاشکرا کرد، ئەمەش گفتوگۆکانی بە تەواوی زیندووکردەوە.

گفتوگۆکان بە درێژایی هەفتە بەردەوامبوون و رۆژی 27ی مانگ گفتوگۆکان وەستان، چونکە ئەو رۆژە پشووی فەرمییە لە هۆڵەندا و رۆژی لەدایکبوونی پاشای وڵاتەکەیە.

دوای چەند رۆژێک لیڤەرپوول ئۆفەرێکی دیکەی خستەبەردەم دەستەی کارگێڕی فاینۆرد و شەوی هەینی هەموو شتێک یەکلاییکرایەوە. لیڤەرپوول و رافایێلا پیمێنتا، بەڕێوەبەری کارەکانی سڵۆت کەوتنە گفتوگۆ لەسەر مەرجەکانی کەسی. پیمێنتا بریکاری ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری مانچێستەر سیتیشە.

هوڵشۆف، یاریدەدەری سڵۆت پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ڤێرجیل ڤان دایک کۆدی گاکپۆ و راین گراڤنبێرخ هەیە، هەروەها پێشتر لەگەڵ رۆناڵد کومان، راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا کاریکردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button