یاریگا –
فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ بەشداریکردنی لە رێوڕەسمێکی ساڵیادی دامەزراندنی فیفا سەردانی پاریس دەکات و لە پەراوێزی سەردانەکەی لەوانەیە چاوی بە ماکرۆن بکەوێت.
رۆژنامەی ASـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بە یاوەری ئیمیلیانۆ بوتراگینیۆ بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ریال مەدرید سەردانی پاریسیان کردووە و وابڕیارە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فڕەنسا کۆببنەوە، کە بە بانگهێشتنامەی فەرمی سەرۆکی فڕەنسا سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە.
رۆژنامە ئیسپانییەکە رایگەیاندووە، ماکرۆن دەیەوێت داوا لە پێرێز بکات ئاسانکاریی بۆ یاریزانە فڕەنسییەکانی ریال مەدرید بکات بۆ ئەوەی بەشداریی ئۆڵێمپیادی پاریس بکەن، کە ئەم هاوینە لە پاریس بەڕێوە دەچێت و هەڵبژاردەی تۆپی پێی فڕەنسا بە راهێنەرایەتی تێری هێنری دەیەوێت باشترین یاریزانەکان کۆبکاتەوە.
رادیۆی کادێنا کۆپی ئیسپانی رایگەیاندووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بەبۆنەی تێپەڕبوونی 120 ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئاهەنگێک لە پاریس رێکدەخات، ریال مەدرید تاکە یانەیە بانگهێشتی ئەو ئاهەنگی ساڵیادەی فیفا کراوە.
پێشتر یانەی ریال مەدرید بە نووسراوی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فڕەنسای ئاگادارکردووەتەوە رێگا بە یاریزانە فڕەنسییەکانی نادات بانگهێشتی ئۆڵێمپیاد بکرێن، ئەگەر ئەو یاریزانانە بانگهێشتی یارییەکانی یۆرۆی 2024 بکرێن، چونکە یارییەکانی ئۆڵێمپیاد بەشێک نییە لە یارییەکانی فیفا و یانەکان دەتوانن رێگا لە یاریزانەکانیان بگرن.
هەریەکە لە ئۆرێلین چوامێنی و ئێدوارد کاماڤینگا یاریزانی فڕەنسین لە ریال مەدرید یاریی دەکەن، بەڵام جگە لەو دوو یاریزانە فڕەنسا دەیەوێت ریال مەدرید رازی بکات رێگا بە کیلیان ئێمباپێش بدات بەشداریی ئۆڵێمپیاد بکات، کە پێشبینی دەکرێت پێش دەستپێکی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بەفەرمی چوونی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید رابگەیەنرێت.