عێراقگرنگترین

تایبەت بە یاریگا؛ لە چەند کاتژمێری داهاتوودا سەمیر بابۆ دەبێتە راهێنەری هەولێر

Yariga App

یاریگا –

سەمیر بابۆ و یانەی هەولێر گەیشتنە رێککەوتن تەنیا ماوە یانەی پێشمەرگەی هەولێر رەزامەندیی بدات بۆ ئەوەی بەفەرمی گرێبەستەکە رابگەیەنرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، دوای دوو کۆبوونەوەی لەسەریەک لە دوو رۆژی رابردوو سەمیر بابۆ و یانەی هەولیر گەیشتنە رێککەوتن بۆ ئەوەی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە بگرێتە ئەستۆ، چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوو بابۆ بەفەرمی ببێتە راهێنەری یانەکەی قەڵاومنارە.

جەلال پەرێشان، وتەبێژی یانەی هەولێر بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’ئەمڕۆ ئێوارە مووچەی دوو مانگی یاریزانانی تیپی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەدرێت’. کە مانگانە یانەکەی قەڵاومنارە 160 ملیۆن دیناری بۆ مووچەی یاریزانانی یانەکەی پێویستە و ئەمڕۆ 320 ملیۆن دینار وەکو مووچەی دوو مانگ بەسەر یاریزانانی یانەکە دابەش دەکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، تەنیا ماوە یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەفەرمی رەزامەندیی بدات، بۆ ئەوەی زەردپۆشەکان بەفەرمی گرێبەستی سەمیر بابۆ رابگەیەنێت کە بۆ ماوەی دوو وەرز ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە دەگرێتە ئەستۆ.

سەمیر بابۆ پێنج مەرجی بۆ دەستەی کاتی یانەی هەولیر هەبوو بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری یانەکە و بەرپرسانی یانەکەی پایتەخت تەواوی داواکارییەکانیان جێبەجێکردووە، تەنیا ماوە پێشمەرگەی هەولیر رەزامەندیی بدات.

پێشبینی دەکرێت یاریی داهاتوو بەرامبەر زاخۆ کە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو دەکرێت ببێتە یەکەم یاریی بابۆ لەگەڵ هەولێر، لەکاتێکدا راهێنەرە نوێیەکەی هەولێر هەینی رابردوو لە دهۆک لەسەر پەیژەکانی یاریگا ئامادەی یارییەکەی هەولیر و حدوود بوو.

مەرجەکانی سەمیر بابۆ بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی هەولێر

یەکەم: یانەی پێشمەرگەی هەولێر رەزامەندیی بدات بۆ ئەوەی سەمیر بابۆ یانەکە بەجێبهێڵێت و ببێتە راهێنەری هەولێر.

دووەم: گرێبەستەکەی سەمیر بابۆ لەگەڵ یانەی هەولێر بۆ ماوەی دوو وەرز بێت، نەک بە کاتی.

سێیەم: ئامانجی ئەم وەرزەی یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق تەنیا مانەوە بێت و داواکاری دیکە لە راهێنەرەکە نەکرێت.

چوارەم: بەهیچ شێوەیەک دەستێوەردان لە کاروباری راهێنەرەکە نەکرێت، سەمیر بابۆ سەرپشک بێت لە هێنانی یاریزانان و دروستکردنی دەستەی راهێنەران.

پێنجەم: لە رووی داراییەوە چارەسەری ئەو قەیرانە بکرێت کە یانەکە پێیدا تێدەپەڕێت و نزیکەی چوار مانگە یاریزانانی یانەکە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق مووچەیان وەرنەگرتووە.

سەمیر بابۆ کێیە؟

سەمیر سدیق ناسراو بە سەمیر بابۆ ساڵی 1975 لە هەولێر لەدایکبووە، لە تیپەکانی تازەپێگەیشتووان و لاوانی یانەی هەولێر پێگەیشتووە و لە ساڵانی 1994 تاوەکو 2006 لە ریزی یانەی هەولێر یاریی کردووە و هەر لەو یانەیە وازی لە یاریکردن هێناوە، کە وەکو یاریزانی باڵەکان یاریی دەکرد و لە ریزی یانەکانی تورکمان و جیهانیش یاریی کردووە.

وەکو راهێنەری تازەپێگەیشتووان و لاوان و پێشکەوتووانە لە یانەی هەولێر کاری کردووە و بووەتە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان، لەگەڵ هەولێر و پێشمەرگەی هەولێر چوار جار نازناوی خولی نایابی کوردستانی بەدەستهێناوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button