یاریگا –
یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی باس لە تێكچوونی پەیوەندی نێوان كیلیان ئێمباپێ و ناسر خلێفی و روودانی شەڕ لە نێوانیان دەكەن، دەداتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا كیلیان ئێمباپێ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوە، تێیدا رۆیشتنی خۆی لە ریزەكانی پاریس سانجێرمان راگەیاند.
لە ڤیدیۆیەكەدا كیلیان ئێمباپێ ناوی یەك بەیەكی ستافی یانەكە و كارمەندانی یانەكەی هێنا و سوپاسی كردن بە بێ ناوهێنانی ناسر خلێفی سەرۆكی یانە فەڕەنسیەكە.
شەوی رابردوو رۆژنامەی لۆ پاریزیان ئاشكرایكرد كە لە ئاهەنگی بەدەستهێنانی نازناوی خولی فەڕەنسیدا و پێش ئاهەنگەكە خلێفی و ئێمباپێ بەشەڕ هاتوون و بە جۆرێك دەنگ بەرزبووەتەوە كە دیوارەكان هەژیوون.
🚨 The fight between Kylian Mbappé and Nasser Al-Khelaifi on Sunday was so loud that "the walls were shaking" @le_Parisien pic.twitter.com/pbBbWSDPze
— Madrid Zone (@theMadridZone) May 13, 2024
وتەبێژی فەرمی پاریس سانجێرمان لە لێدوانەكانیدا بۆ رۆژنامەی لیكیپ دەربارەی رووداوەكەی نێوان ئێمباپێ و خلێفی گوتی:
هیچ ناكۆكییەك لە نێوان خلێفی و ئێمباپێدا نەبووە، لە یارییەكانی رابردوودا كۆبوونەوەیی ئاسایی و رێك و پێك لە نێوانیاندا بۆ كۆتاییهێنان بە وردەكارییەكانی رۆیشتنی لە كۆتایی وەرزدا هەبووە.
هەموو كۆبوونەوەیەكی نێوانیان بەرهەمدار بووە، لە نێویاندا كۆبوونەوەكەی پێش یاری تۆڵۆز، كە بە بێ هیچ كێشەیەك و بە شێوەیەكی سروشتی كۆتایی هات.
ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان 307 یاری كردووە و توانیویەتی 256 گۆڵ بكات و 108 گۆڵیش درووست بكات.