ئیسپانیاگرنگترین

بۆچی ریال مەدرید گرێبەستی ئێمباپێ راناگەیەنێت؟

تەنیا لە تۆڕی وەرزشی یاریگا تەواوی وردەکارییەکان بزانە

Yariga App

یاریگا –

کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری فەرەنسی جێهێشتنی ریزەکانی پاریس سانجێرمانی راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا ریال مەدرید گواستنەوەی بڵاونەکردووەتەوە.

ئێمباپێ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا جێهێشتنی پاریسی لە کۆتایی ئەم وەرزە راگەیاند. سبەی یەکشەممە دوا یاری کیلیان دەبێت لە پارک دۆ پرێنس و پێشبینی دەکرێت، بە فەرمی ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەکە بکات. پێشبینی دەکرێت ئێمباپێ پەیوەندی بە ریال مەدرید بکات، بەڵام رەنگە راگەیاندنی گرێبەستەکە تاوەکو چەند هەفتەیەکی دیکە بخایەنێت.

بۆچی ریال مەدرید گرێبەستی ئێمباپێ راناگەیەنێت؟

تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، لە یاریی چوونی ریال مەدرید بەرامبەر لایپزیگ لە قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ، ئێمباپێ رەزامەندی خۆی لەسەر ئۆفەری یانە ئیسپانییەکە پشتڕاستکردەوە، دەستبەجێ پەیامەکە بە کارلۆ ئانچێلۆتی گەیێندرا، تاوەکو پلانەکانی وەرزی داهاتوو بە ئێمباپێوە دابڕێژێت.

هەرچەندە بە فەرمی هیچ وردەکارییەک رانەگەیێندراوە، هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆش لە نێوان ئێمباپێ و ریال مەدرید نەبووە، تەنانەت یانەکەی پایتەخت چەند جارێک رێککەوتنی لەگەڵ کیلیان رەتکردووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی ئاتلێتیک، فایزە مەعماری، دایک و بریکاری ئێمباپێ داوای نهێنی پارێزی گرێبەستەکەی کردووە، بە ئامانجی پاراستنی سەرنجی کوڕەکەی. ریال مەدرید بە داواکەی دایکی ئێمباپێ رازیبووە.

لە لایەکی دیکەوە، ریال مەدرید نایەوێت سەرنجی تەواو لەسەر ئێمباپێ دابندرێت، چونکە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی لە بەرامبەر بۆڕووسیا دۆرتموند لەسەرە، کە بڕیارە 1ی مانگی داهاتوو لە یاریگای وێمبڵی، لەندەن بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی ئاماژەکان بێت، ریال مەدرید لە دوای تەواوبوونی چامپیۆنزلیگ، گرێبەستەکە رادەگەیەنێت و پاشان کیلیان لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا ئامادەکاری یۆرۆی 2024 دەستپێدەکات.

کیلیان لە کۆی 306 یاریدا لەگەڵ پاریس 255 گۆڵ و 108 ئەسیستی هەیە.

ئێمباپێ چاوی لە بەرزکردنەوەی نازناوێکی دیکەیە بەر لەوەی قەڵای پارک دۆ پرێنس جێبهێڵێت، کاتێک لە 25ی ئەم مانگە لە یاری کۆتایی جامی فەرەنسا رووبەڕووی لیۆن دەبێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button