ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

گۆڵپارێزە شەرمنەکە؛ قۆستنەوەی دەرفەت و بەهێزی کەسایەتیی

لونین یەکێکە لە دیارترین گۆڵپارێزەکانی ئێستای ئەوروپا

Yariga App

یاریگا –

ساڵێک بەر لە ئێستا، بڕیاربەدەستەکان لە ریال مەدرید، بیریان لە ئەگەرەکانی دەستبەرداربوون لە ئاندرێ لونین کردەوە و تەنانەت بەدوای شوێنگرەوەدا گەڕان.

دەستەی کارگێڕی پلانی گواستنەوەی دەیڤد سۆریا، گۆڵپارێزی خێتافی داڕێشتبوو، بەڵام دواتر بڕیارەکەیان گۆڕی و وەبەرهێنانیان لە گۆڵپارێزاندا نەکرد. کاتێک تیبو کۆرتوا لە ئۆگەست/ئابی رابردوو تووشی پێکان بوو، دەستبەجێ بە خواستن گرێبەستیان لەگەڵ کێپا ئاریزابالاگا واژۆ کرد.

کێپا لە نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی تووشی پێکان بوو، دوای گەڕانەوەی نەیتوانی ئاستێکی باش پێشکەش بکات، لێرەوە وەرزە ناوازەکەی لونین دەستیپێکرد. گۆڵپارێزی 25 ساڵان ئاستێکی بەرزی لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ لە بەرامبەر مانچێستەر سیتی پێشکەشکرد و رێگری لە پیاوانی پێپ گواردیۆلا کرد، پارێزگاری لە نازناوەکەیان بکەن.

رەنگە کەس پێشبینی ئەم ئاست بەرزییەی لونینی نەکردایە، چونکە لە چەند ساڵی رابردوودا، بەهۆی ئاست بەرزی کۆرتوا، نەیتوانی خۆی بسەلمێنێت و سێجار بە خواستن مەدریدی جێهێشت، بەڵام ئێستا لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید نزیکبووەتەوە.

سەرەڕای بردنەوە و پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز لە بەرامبەر مانچێستەر سیتی، لونین بە ئەستەم بۆ میدیاکان پێکەنی، ئەمەش کەسایەتییە بەهێزەکەی پیشان دەدات.

باشە، لونین کێیە؟ لە داهاتوودا چی دەکات؟ دەتوانێت ببێتە شوێنگرەوەی کۆرتوا؟

باوکی لونین کارمەندی بانک و دایکی لە خزمەتگوزاری شارستانی کاریکردووە. لونین لە شاری کراسنۆهراد لەدایکبووە، ئەو شارەی ژمارەی دانیشتووانی 20 هەزار تێپەڕناکات و دەکەوێت رۆژهەڵاتی ئۆکراینا (شارەکە ئێستا لەژێر دەستی رووسیایە).

سەرەتا وەک هێرشبەر یاری فوتساڵی کردووە، یەکەم درێسی ژیانی، درێسێکی ریال مەدریدی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو. لە تەمەنی هەشت ساڵیدا وەک گۆڵپارێز لە خارکێڤ، رۆژئاوای ئۆکراینا (دووەم گەورەترین شاری ئۆکراینا) بەشداری لە یارییەکانی حەوت یاریزانیدا کرد. ئەوکاتە ئیکێر کاسیاس سیمبوولی لونین بوو.

لونین تاقیکردنەوەی لەگەڵ سێ یانەدا کردووە — شاختار دۆنێتسک، مێتالیست خارکیڤ و قوتابخانەیەکی وەرزشی لە خارکیڤ — ئاندرێ یانەی مێتالیستی هەڵبژارد، لەو یانەیە خوێندن و ئەکادیمیای ژێر 12 – 18 ساڵان تەواو کرد.

دواتر لونین لە ساڵی 2016 پەیوەندی بە یانەی دنیپرۆ کرد، دوای ساڵێک چووە زۆریا لوهانسک. لە ساڵی 2018 هەواڵە گەورەکەی پێگەیشت و پێی راگەیێندرا، ریال مەدرید نیازی واژۆکردنی گرێبەستیێکی لەگەڵدا هەیە، بەڵام بەو مەرجەی رۆژێک بەشداری لە مەشقەکاندا بکات، ئینجا بڕیار لەسەر گرێبەستەکە بدرێت.

هەرچەندە یانەی دیکەش گرنگیان بە لونین دا، بەڵام گۆڵپارێزە ئۆکراینییەکە تەنیا چاوی لە پەیوەندیکردن بوو بە ریال مەدرید. گرێبەستەکە خێرا بەبڕی 9.1 ملیۆن دۆلار واژۆ کرا. گرێبەستەکە تاوەکو ساڵی 2024 بوو.

هاوشێوەی گواستنەوەی یاریزانانی لاوی دیکە بۆ مەدرید، جونی کالافات، بەڕێوەبەری یاریزان دۆزەرەوەکانی مەدرید، رۆڵی باڵایان لە گواستنەوەی لونین گێڕا. کالافات هەڵگری وڵاتینامەی بەرازیل و ئیسپانیایە، رۆڵی سەرەکی لە گواستنەوەی یاریزانانی وەک ڤینیسیۆس جونیۆر، رۆدریگۆ و فێدێریکۆ ڤالڤێردی گێڕاوە. کالافت پاڵپشتییەکی زۆری لونینی کرد، بەردەوام داوای پێدانی متمانەی بەو گۆڵپارێزە کردووە.

لە یەکەم رۆژی لونین لە مەدرید، چاوی بە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە کەوت، ئەوانەی لە گۆڵپارێزەکە نزیکن، دەڵێن؛ لونین زۆر بە پێرێز سەرسام بوو و هاوشێوەی کوڕی خۆی، پێرێز مامەڵەی لەگەڵ لونیندا کرد.

لونین کەسێکی زۆر بێدەنگە و بە دەگمەن زەردەخەنە دەکات، بەڵام لە کاتی مەشقەکاندا لە ڤالدێبێباس، کەسێکی رووخۆش، بەڕەوەشت و ماندوونەناس دەردەکەوێت.

کاتێک لە یۆلیۆ/تەمموزی ساڵی 2018 پێشکەشی میدیاکان کرا، لونین هەوڵیدا بە زمانی ئیسپانی قسە بکات، سەرەڕای ئەوەی شارەزایی باشی لە زمانەکە نەبوو، بەڵام بەر لە ساتی ناساندنەکە، چەند کاتژمێرێک خەریکی خۆفێرکردنی ژمارەیەک رستە بوو. لونین بە ئیسپانی سوپاسی مەدریدی کرد، چونکە یارمەتیداوە خەونەکەی بەدی بهێنێت و یانەکەی وەک باشترینی جیهان وەسف کرد، ئەمە هەمووی بە ئیسپانی بوو.

رێچکەی لونین بۆ پێکهاتەی سەرەکی ناڕوون بوو. کاتێک لونین پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، کەیلۆر ناڤاس، بژاردەی سەرەکی زینەدین زیدان بوو، ئەوکاتە سێجار لەسەر یەک نازناوی چامپیۆنزلیگییان بەدەستهێنا. لە هەمان هاویندا، کۆرتوا لە چێڵسییەوە پەیوەندی بە مەدرید کرد و بە باشترین گۆڵپارێزی مۆندیالی 2018ی رووسیا لەگەڵ هەڵبژاردەی بەلجیکا دەستنیشانکرا بوو.

مەدرید رێگەی بە لونیندا، بە خواستن پەیوەندی بە لیگانێسەوە بکات، ئەو شارەی دەکەوێتە دەوروبەری مەدرید و بەشداری لالیگای دەکرد. لەگەڵ ئەو یانەیەش بژاردەی دووەم بوو، کاتێک لە هاوینی ساڵی 2019 گەڕایەوە مەدرید، پێشبینی رۆیشتنی ناڤاس دەکرا، بەڵام گۆڵپارێزە کۆستاریکییەکە تاوەکو سێپتێمبەر/ئەیلوول مایەوە و پاشان پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کرد. هەواڵە ناخۆشەکە گۆڕینەوەی ناڤاس بوو بە ئاڵفۆنسێ ئاریۆلا، کە بووە بژاردەی دووەمی مەدرید، لە دوای کۆرتوا. بۆیە جارێکی دیکە رێگە بە لونین درا بە خواستن پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەی لالیگا بکات، ئەویش ریال ڤایادۆلید بوو.

پەیوەندیکردنی بە ڤایادۆلید، ئەزموونێکی دیکەی ناخۆش بوو بۆ لونین، چونکە بووە بژاردەی دووەمی یانەکە و بەشداری لە دوو یاریدا کرد، هەردوو یارییەکەش لە جامی شای ئیسپانیا بوون. لە مێرکاتۆی زستانەی 2020 گەڕایەوە مەدرید و جارێکی دیکە بە خواستن پەیوەندی بە ریال ئۆڤیدیۆ کرد، یانەکە بەشداری خولی پلە دووی ئیسپانیای دەکرد، ئەوکاتە شەش کلین شیتی تۆمار کرد و یارمەتی یانەکەیدا لە خولی پلە دووەکان بمێنێتەوە.

لونین یادەوەری خۆشی لە یاریگای خۆسێ زۆرێییای تایبەت بە ڤایادۆلید هەیە، چونکە لە ساڵی 2019 داوای هاوسەرگیری لە ئاناستاسیای خۆشەویستی کرد، لە مارس/ئاداری ساڵی 2021 هاوسەرگیرییان کرد و مەراسیمێکی زۆر سادەیان بۆ رێکخست.

 

View this post on Instagram

 

A post shared by Andrii_Lunin (@lunin_andrey)

ئاناستاسیای هاوژینی لونین، چەندین جار سەردێری رۆژنامەکانی ئیسپانیای بۆ خۆی داگیرکرد، دیارترینیان، چەند چاوپێکەوتنێکی کرد و هەڕەشەی چوونە دەرەوەی لونینی لە مەدرید کرد، ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت. لە فێبرایەر/شوباتی رابردوودا، ئاناستاسیا بەشداری لە چاوپێکەوتنێکی چەناڵێکی یوتیوبدا کرد و گوتی

ئەگەر لونین لە یاریکردن بەردەوام بێت، ئەستەمە جارێکی دیکە کۆرتوا بتوانێت ببێتەوە گۆڵپارێزی سەرەکی.

لونین زۆر ئارام و لەسەرخۆ بوو، هەرچەندە بۆ پاراستنی گۆڵی مەدرید متمانە پێکراو نەبوو، بەڵام گرێبەستەکەی بۆ ساڵێکی دیکە تاوەکو 2025 نوێکرایەوە. جیا لەمەش، لونین بووە ئەندامی کۆمپانیاکەی خۆرخێ مێندێس و باوکی بووە بریکار.

لونین پێی وایە، گواستنەوەکانی بە خواستن لەڕووی دەروونییەوە بەهێزتری کردووە، ئەمەش بە کلیلی سەرکەوتنی دادەنێت. لە یۆلیۆ/تەمموزی ساڵی 2020 دەستەی راهێنەران بە لونینییان راگەیاند، بۆ وەرزی داهاتوو ناوی لە لیستی یاریزانانی یانەکەدا دەبێت، بەڵام وەک گۆڵپارێزی یەدەک. چونکە نەیانویست ئاریۆلا بە خواستن بهێننەوە یاخود گرێبەست لەگەڵ گۆڵپارێزێکی دیکەدا بکەن. لەسەر ئاستی نیشتمانیدا، لونین تووشی پێشهاتێکی ناخۆش بوو، کاتێک ئۆلێکساندر پێتراکۆڤ، راهێنەری هەڵبژاردەکە لە لیستی یاریزانان دووریخستەوە.

لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرایناش، لونین پاڵپشتی بەردەوامی وڵاتەکەی کردووە، پارەیەکی زۆری بۆ هاوکاری مرۆیی تەرخان کرد، بەشداری لە چەندین دەستپێشخەری دابینکردنی خۆراک و پێداویستییەکان بۆ ئۆکراینییەکان کرد.

لە ماوەی شەڕەکەدا، مەدرید هاوکارییەکی زۆری لونینی کرد، هاوکاری خێرای بۆ دۆست و خزمەکانی لونین لە ئۆکراینا نارد، پێرێز لە یەکەم رۆژی شەڕدا، بە تایبەت قسەی لەگەڵدا کرد.

لە هاوینی رابردوودا، لونین یارمەتی هەڵبژاردەی ئۆکراینایدا بگاتە پاڵەوانیەتی ئەوروپا ‘یۆرۆی 2024’، بەشداری لە یارییەکانی پلەی ئۆف لە بەرامبەر بۆسنیا & هێرسێگۆڤینا و ئایسلاند کرد، ئەمە 10 و 11مین بەشداری نێوەدەوڵەتی لونین بوو.

لەم وەرزەدا لونین بەشداری 29 یاریدا کردووە، ژمارەکانی ئەم وەرزەی لە کۆی ژمارەی بەشدارییەکانی چوار ساڵی رابردووی لەگەڵ مەدرید زیاترە. لە دوای پێکانەکەی کۆرتوا، لونین و کێپا شوێنی یەکتریان پڕدەکرێتەوە و سەرەتا پێی وابوو، کێپا ئیسپانییە و پەیوەندی باشتری لەگەڵ دەستەی راهێنەراندا هەیە.

هەڵە کوشندەکانی کێپا وایکرد، لونین دەرفەتی زیاتری پێبدرێت و لە ناوەڕاستی یەنایەر/کانوونی دووەمی ئەمساڵ، بووە گۆڵپارێزی سەرەکی یانەکە. لەم وەرزەدا لە 29 یاریدا 27 گۆڵی لێکراوە و 12 کلین شیتیشی هەیە. بۆیە مەدرید دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.

ئانچێلۆتی پێی وایە، لونین دەتوانێت ئاستی خۆی باشتر بکات، بە تایبەت لە تۆپەکانی بەرزدا. ئەم ئاست بەرزییەی لونین، فشارەکانی سەر کۆرتواش کەمدەکاتەوە.

لە ژووری جلگۆڕیندا، براهیم دیاز و ڤالڤێردی نزیکترین هاوڕێی لونینن، هەروەها فران گارسیاش یەکێکی دیکەیە لە هاوڕێ نزیکەکانی.

سەرەڕای ئاست بەرزی لونین، بەڵام لە ریال مەدرید هەمووان چاوەڕێی گەڕانەوەی کۆرتوان، تاوەکو ببێتەوە بژاردەی یەکەم. گۆڵپارێزی بەلجیکی ناوی لە لیستی یاریزانانی یاری رابردووی مەدرید لە بەرامبەر بایرن میونشندا هەبوو. رەنگە بەشداری لە یاری شەممە، بەرامبەر کادیز لە لالیگادا بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button