پێشبینییەکی سەرسوڕهێنەر؛ ستوریج ئەنجام و رووداوەکانی یارییەکەی بایرن میونشن و ریال مەدریدی سپۆیڵ کردبوو
هێرشبەری پێشووی ئینگلتەرا لە سۆشیال میدیا خەریکی داهێنانی پێشکەشکردنی زانیاری وەرزشییە
یاریگا –
ستوریج بە پێشبینییە ورد و دروستەکانی بۆ ئەنجام و رووداوەکانی یارییەکەی بایرن میونشن و ریال مەدرید هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کردووە، ئەو یاریزانەی پێشووی لیڤەرپوول یارییەکەی سپۆیڵ کردبوو.
خولەکێک بەر لە دەستپێکردنی یاری چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ لە ئالیانز ئارێنا، هێرشبەری پێشووی لیڤەرپوول پێشبینی کردبوو سانێ و کەین گۆڵ بۆ بایرن میونشن بکەن، ستوریج لە پلاتفۆڕمی X نووسیبووی :’ئەمشەو سانێ دەبێتە کێشەیەکی گەورە، گۆڵێک دەکات و کەین بە لێدانی سزا گۆڵێکی دیکە دەکات’.
Sane will be a big problem tonight. Goal for him and a pen for Kane
— Daniel Sturridge (@DanielSturridge) April 30, 2024
بایرن میونشن لە یاریی بەرامبەر ریال مەدرید کە 2-2 کۆتایی هات، دوو گۆڵی لەڕێگەی لیرۆی سانێ و هاری کەین کرد، کە گۆڵی کەین وەکو ئەوەی ستوریج پێشبینی کردبوو، بە لێدانی سزا تۆماریکرد.
ستوریج جگە لەو پێشبینییە، پێش یارییەکە پێشبینی کردبوو ڤینیسیۆس جۆنیۆر و رۆدریگۆ لە یارییەکە گۆڵ بۆ ریال مەدرید بکەن، ستوریج لە پلاتفۆڕمی X نووسیبووی :’پێشبینی دەکەم ئەمشەو ڤینی و رۆدریگۆ گۆڵ دەکەن، بە خێراییەکانیان بکوژ دەبن’.
I think Vini and Rodrygo both score tonight. Their speed will kill…
— Daniel Sturridge (@DanielSturridge) April 30, 2024
گەرچی رۆدریگۆ لە یارییەکە گۆڵی نەکرد، بەڵام ڤینی لە یارییەکە دوو گۆڵی کرد، لە خولەکی 24 گۆڵی یەکەمی کرد، ئینجا دواتر لە خولەکی 83 بە لێدانی سزا گۆڵی دووەمی کرد و ئەنجامی یارییەکەی یەکسانکردەوە.
یاریزانەکەی پێشووی چێڵسی و مانچێستەر سیتی و وێست برۆمیچ ئالبیۆن هەر بە ئەوەندە نەوەستا، لە تویتێکی دیکەیدا پێشبینی کردبوو هەردوولا 2-2 یەکسانبن، پێشبینی کردووە ئەگەر یاریزانە یەدەکەکانی بایرن لە رۆژی خۆیاندا بن، ئەوا بایرن 3-2 دەباتەوە.
ستوریج نووسیویەتی :’پێشبینی دەکەم ئەنجامی یارییەکە 2-2 بێت، بەڵام ئەگەر یاریزانە یەدەکەکان بێنە ناوەوە لەوانەیە 3-2 بێت، یارییەکی پڕگۆڵ دەبێت’.
I’m leaning 2-2. Could be 3-2 Bayern if their bench go off. Goals galore 😎
— Daniel Sturridge (@DanielSturridge) April 30, 2024
لە سۆشیاڵ میدیا پێشبینییە دروستەکانی ستوریج هەمووانی سەرسام کردووە و هەریەکێکیان بە جۆرێک داوای لە ستوریج کردووە پێشبینی خۆی بۆ داهاتووی ژیانیان پێ بڵێت، یەکێکیان نووسیویەتی ‘ستوریج ئەمساڵ من کەپڵم دەبێت؟’، یەکێکی دیکەش نووسیویەتی ‘ئایا خۆشەویستەکەم خیانەتم لێ دەکات؟’، یەکێکی دیکەش نووسیویەتی ‘تکایە پێمان بڵێ ئەم وەرزە کێ دەبێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ؟’.
ستوریج (34 ساڵان) ساڵی 2020 بەهۆی تێوەگڵانی بە گرەوکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکە بۆ ماوەی چوار مانگ لە یاریکردن سڕکرا و بە پێبژاردنی 150 هەزار پاوەند سزادرا.