لەوەتەی دوایین جار بایرن میونشن نازناوی بۆندسلیگای بەدەست نەهێناوە چی روویداوە؟
یاریگا –
لەوەتەی دوایین جار بایرن میونشن نازناوی بۆندسلیگای بەدەست نەهێناوە دەیان رووداوی گەورە لە سەر ئاستی جیهان روویان داوە، کە لەوەتەی وەرزی 2011/2012 بۆیەکەمجار ئەم وەرزە بایرن میونشن دوای 11 وەرز نەیتوانی ببێتە پاڵەوانی خولەکە.
ئەم وەرزە بایەر لیڤەرلوزن لەسەر دەستی چابی ئەلۆنسۆ بۆیەکەمجار لە مێژوودا نازناوی بۆندسلیگای بەدەستهێنا، لەکاتێکدا لەوەتەی ساڵی 2012 بایرن میونشن یازدە وەرز بوو لەسەریەک دەبووە پاڵەوانی خولەکە، بۆڕووسیا دۆرتمۆند و یۆرگن کلۆپ دوایین پاڵەوانی پێش زنجیرە نازناوەکانی باڤارییەکان بوو، لەوکاتەوە ئەم رووداوە گەورە و سەرنجڕاکێشانە روویانداوە.
سیستەمی ڤار لە یارییەکانی تۆپی پێ پەیڕەوکرا
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بڕیاریدا ساڵی 2018 سیستەمی ڤار (ناوبژیوانی ڤیدیۆیی) لە یارییەکانی تۆپی پێ پەیڕەو بکرێت و لە سەرجەم پاڵەوانێتییە فەرمییەکانی جیهاندا دەست بە بەکارهێنانی سیستەمی ڤار کرا.
پڕۆژەی سوپەرلیگ راگەیاندرا و لەلایەن فیفا و یوێفا رەتکرایەوە
لە ئەپرێلی 2021 پڕۆژەی سوپەرلیگ بە سەرپەرشتی ریال مەدرید و بارسێلۆنا و یۆڤێنتۆس و یانەکانی پرێمەرلیگ راگەیاندراو، دواتر یانەکانی پرێمەرلیگ و سێریا ئەی کشانەوەیان لە خولەکە راگەیاند و تەنیا ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە خولەکە ماون.
گەرچی فیفا و یوێفا ئەو پڕۆژەیەیان رەتکردەوە، بەڵام دادگای دادی ئەوروپا رەتیکردەوە یوێفا و فیفا مافی ئەوەیان هەبێت دژایەتی هەر خول و پاڵەوانێتییەک بکەن کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەوان رێک بخرێت.
ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەوە
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید 19) لە چین بڵاوبووەوە و بە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەوە و زیاتر لە 500 ملیۆن کەس تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون و زیاتر لە شەش ملیۆن کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەست دا.
حکومەتی سریلانکا مایەپوچبوو
لە ئەپرێلی 2022 بەهۆی لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو قەیرانە داراییەی سەرانسەری جیهانی گرتەوە، حکومەتی سریلانکا مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند، چەند وڵاتی دیکەی وەکو میسڕ و تورکیا و لوبنان دراوەکانیان هاڕەی کرد و دابەزینی بەهای دراوەکانیان ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد.
یواخیم لۆف وازی لە راهێنەرایەتی ئەڵمانیا هێنا
دوای جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2021 یواخیم لۆف دوای پازدە ساڵ دەستی لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کێشایەوە، لۆف دوای ئەوەی 188 یاری راهێنەرایەتی مانشافتی کرد، جامی جیهانی و جامی کیشوەرەکانی بۆ هەڵبژاردەکە بەدەستهێنا، وازی لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە هێنا.
ئەپڵ تەنیا مۆبایلی ئایفۆن 4ـی بەرهەمهێنابوو
کاتێک دوایین جار یانەیەکی دیکە جگە لە بایرن میونشن نازناوی بۆندسلیگای بەدەستهێنا، هێشتا مۆبایلی زیرەکی ئایفۆن 4 بەکار دەهات و کۆمپانیای ئەپڵ ئایفۆن 5ـی رانەگەیاندبوو، کەچی ئێستا مۆبایلی ئایفۆن 15 لە بازاڕەکان بەردەستە و کۆمپانیای ئەپڵ ئامادەکاریی بۆ بەرهەمهێنانی ئایفۆن 16 دەکات.
هێشتا تیک تۆک و سرێدس دروست نەببوو
تیک تۆک ساڵی 2016 دامەزرا و ئەوکاتەی دوایین یانە جگە لە بایرن میونشن نازناوی بۆندسلیگای بەدەستهێنا، هێشتا تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک دانەمەزرابوو، کەچی ئێستا زیاتر لە ملیارێک و 200 ملیۆن کەس بە 40 زمانی جیاواز بەکاری دەهێنن.
کۆمپانیای مێتا وەکو کێبڕکێیەک لەگەڵ ئیلۆن مەسک و پلاتفۆڕمی X پلاتفۆڕمێکی نوێی بەناوی سرێدس دامەزراند.