ئێمباپێ و ریال مەدرید لەسەر هەموو شتێک رێککەوتوون تەنیا مافی کەسێتی نەبێت
یاریگا –
ریال مەدرید و ئێمباپێ لەسەر هەموو شتێک رێککەوتوون تەنیا مافی کەسێتی نەبێت، هەردوولا بۆچوونی جیاوازیان هەیە و یاریزانەکە داوای بەشی هەرە زۆری مافی کەسێتی خۆی دەکات لە یانەکە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، کیلیان ئێمباپێ و ریال مەدرید لەسەر مووچە و ماوەی گرێبەست و شیرینی گرێبەستی نێوانیان رێککەوتوون، بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر مافی کەسێتی (Image Rights) ناکۆکن، ئێمباپێ داوای %80ـی داهاتی خۆی دەکات، بەڵام لە ریال مەدرید زۆربەی ئەستێرەکانی یانەکە لە %50ـی مافی کەسێتییان زیاتریان پێنادرێت.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئێمباپێ ساڵانە 20 ملیۆن یۆرۆ لە ریکلامکردن پەیدا دەکات، بەڵام ئەگەر بچێتە ریال مەدرید داهاتی ریکلامەکانی هێرشبەرە فەرەنسییەکە یەکجار زیاتر دەبێت، بۆیە ریال مەدرید ئامادە نییە رازی بێت تەنیا %20ـی مافی کەسێتی ئێمباپێی پێبدرێت.
رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکراشیکردووە، ئێمباپێ ئێستا سێ سپۆنسەری سەرەکی (نایکی هوبلۆت، ئۆکلی) هەیە، بەڵام بە پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی لۆس بلانکۆس ژمارەی سپۆنسەرەکانی زیاتر دەبن، ئێستا کیلیان لەسەر ئاستی یاریزانانی تۆپی پێ نۆیەمین یاریزانە لە رووی ژمارەی فۆلۆوەرسەکانی.
مافی کەسێتی چییە؟
مافی کەسێتی (Image Rights) بریتییە لە مافی بەکارهێنانی واژۆ، ژمارەی درێس، وێنە، ناسناو، دەنگ و کەسایەتی یاریزان لە ریکلام و چالاکییەکان، کاتێک یاریزانەکان گرێبەست لەگەڵ یانەکان دەکەن لەنێو گرێبەستەکانیان یەکلای دەکەنەوە داهاتی بەکارهێنانی مافی کەسێتی بۆ کامیان دەبێت، ئێرلینگ هالاند لە مانچێستەر سیتی %100 داهاتی مافی کەسێتی وەردەگرێت، بەڵام لە ریال مەدرید %50ـی مافی کەسێتی بە ئەستێرە دیارەکانی یانەکە دەدرێت.
یاریزانەکان بۆیان هەیە بۆ پاراستنی مافی کەسێتی خۆیان، لە هەموو ریکلامێکی یانەکانیان بەشداریی نەکەن، یانیش رێگا بە بەکارهێنانی واژۆ، ناو، ژمارەی درێس، وێنە و ناسناوەکانیان بە یانەکانیان نەدەن.