هەر وەرزشوانێکی عێراقی لە ئۆڵێمپیادی پاریس مێداڵیا بباتەوە ملیۆنێک دۆلار و ئۆتۆمبێڵێکی پێدەدرێت
یاریگا –
سەرۆکی لێژنەی ئۆڵێمپی عێراق بڕیاریداوە هەر وەرزشوانێکی عێراقی لە ئۆڵێمپیادی پاریس مێداڵیایەک بەدەست بهێنێت، ملیۆنێک دۆلار و ئۆتۆمبێڵێکی مۆدێڵ 2024ـی پێدەدرێت و پەیکەرێکیشی بۆ دروست دەکرێت.
عەقیل موفتن، سەرۆکی لێژنەی ئۆڵێمپی عێراق لە کاتی پێشوازیکردنی لە عەلی عەمار یاریزانی بەرزکردنەوەی قورسایی بەڵێنیداوە، هەر وەرزشوانێکی عێراقی لە ئۆڵێمپیادی پاریس هاوینی داهاتوو مێداڵیایەک بباتەوە، ملیۆنێک دۆلار و ئۆتۆمبێڵێکی لاندکروزەر مۆدێڵ 2024ـی پێبدرێت، لەناو بارەگای لێژنەی ئۆڵێمپی عێراقیش پەیکەرێکی بۆ دروست دەکرێت.
هاوینی داهاتوو لە رۆژی 26ـی یۆلیۆ/تەممووز تاوەکو رۆژی 11ـی ئۆگێست/ئاب ئۆڵێمپیادی پاریس بەڕێوە دەچێت، لە مێژوودا عێراق تەنیا یەک مێداڵیای لە ئۆڵێمپیاد بەدەستهێناوە، عەبدولواحید عەزیز یاریزانی بەرزکردنەوەی قورسایی لە ئۆڵێمپیادی رۆما ساڵی 1960 مێداڵیای بڕۆنزی بەدەستهێنا کە تاکە مێداڵیایە عێراق لە مێژووی ئۆڵێمپیاد بەدەستی هێنابێت.