یاریگا –
یاریزانانی یانەی هەولێر وەرگرتنی مووچەیان لە یانەکەیان رەتکردەوە و بەرپرسانی یانەکەیان بەڵێنیان پێداون تاوەکو مانگێکی دیکە مووچەکەیان پێبدەن.
سەرچاوەیەک لە نێو یانەی هەولێر بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند، ئەمڕۆ یاریزانانی یانەی هەولێر وەرگرتنی مووچەی مانگێکیان رەتکردووەتەوە و ئامادە نەبوون مووچەی یەک مانگ وەربگرن، لەکاتێکدا سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.
سەرچاوەکەی یاریگا لەناو یاریزانانی یانەی هەولێر راشیگەیاند :’وەلید عارەب سەرۆکی یانەکەمان پێی راگەیاندین تاوەکو مانگێکی دیکە دوو مووچەی دیکەتان پێدەدەین، کەچی لە میدیاکان وا بڵاویکردووەتەوە کە بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە بانک، بەڵێنی بە ئێمە داوە لە ماوەی هەفتەیەکی دیکە دوو مووچەمان پێبدات’.
یاریزانانی یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، تەنیا یاریزانە پیشەگەرەکان نەبێت تەواوی مووچەکانیان لە یانەکە وەرگرتووە، ئەمڕۆش یاریزانە پیشەگەرەکان مووچەکانیان وەرگرت.
هەولێر لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ لە پلەی سێزدەمی خولەکە دێت و لەکۆی 10 گەڕ تەنیا سێ بردنەوەی بەدەستهێناوە.