ئه‌ڵمانیا

” رێگری لە پەیوەندی کرنی چابی ئەڵۆنسۆ بە ریال مەدرید ناکەین”

Yariga App

یاریگا –

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی بایەر لیڤەرکوزنی ئەڵمانی ئاماژەی بەوەکرد، هیچ بڕگەیەکی ئازادکردن لە گرێبەستەکەی چابی ئەلۆنسۆدا نییە، بەڵام ئەگەر بیەوێت بڕوات، رێگری لێناکەن.

پێدەچێت چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری سەرکەوتووی یانەی بایەر لیڤەرکوزن، لە هەموو کاتێک زیاتر لە پۆستی سەرکردایەتی ریال مەدرید نزیکتر بووبێتەوە. هەواڵەکان زۆرن لەسەر خواستی ریال مەدرید بۆ رادەستکردنی یانەکەی بە ئەلۆنسۆ، باس لەوەش دەکرێت کە چابی لە هاوینی داهاتوودا لەسەر کورسی یەدەگی یانە ئیسپانیەکە دادەنیشێت.

رۆژنامەی بیڵد، لەم دواییانەدا نووسیبووی سەردانەکەی خۆرخی ڤاڵدانۆ بۆ بایەر لیڤەرکوزن و ئەو دیدارەی لەگەڵ چابی ئەنجامی دابوو، دەنگۆکانی بەهێزتر کردووە.

ڤاڵدانۆ کە ئەفسانەی یانەی ریال مەدریدە، لە کاتی بردنەوە پر گۆڵەکەی لیڤەرکوزن بەرامبەر یونیون بەرلین بە ئەنجامی 4-0 لە یاریگاکەدا ئامادەبوو. دواتر بەشداری لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی چابی ئەلۆنسۆ کرد و دواتر دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ راهێنەرەکە ئەنجامدا.

لەکاتێکدا دەنگۆی نوێکردنەوەی گرێبەستی کارلۆ ئەنچیلۆتی لەگەڵ مێرەنگی هەیە، بەڵام فێرناندۆ کارۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی لیڤەرکوزن کاردانەوەی بەرامبەر ئەو دەنگۆیانەی لەسەر چابی هەبوو و لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاند:

پێویست ناکات بڕگەی ئازادکردن بخرێتە نێو گرێبەستەکەی چابی بۆ ئەوەی بتوانێت پەیوەندی بە ریال، بایرن میونسن یان لیڤەرپوولەوە بکات. ئێمە پەیوەندییەکی زۆر زۆر باشمان لەگەڵیدا هەیە و ئەویش دەزانێت کە ئێمە یانەیەکی جدیین. بێگومان ئێمە کەس ناچار ناکەین بمێنێتەوە، وە ئەگەر چابی نەیویست لەگەڵمان بمێنێتەوە، ناچار نین بیهێڵینەوە. ئێمە دەمانەوێت ئەڵۆنسۆ هەست بە ئاسوودەیی و دڵخۆشی بکات لە لیڤەرکوزن. دەمانەوێت بەجۆرێک بێت کە بە تامەزرۆییەوە بمێنێتەوە و ئەمەش ئامانجی سەرەکیمانە.

کارۆ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:

هیچ شتێک لە گرێبەستەکەی چابیدا نییە سەبارەت بە بڕگەی ئازادکردنی بۆ ئەوەی بچێتە یەکێک لە سێ یانەکەی پێشووی، بەڵام هەموو رێککەوتنەکان لەسەر کاغەز نین. ئێمە دەزانین لە داهاتوودا ئەگەر بیەوێت بڕوات، ئێمە دانوستان دەکەین، هەرچەندە هیوادارم ئەمە روونەدات و جێمان نەهێڵێت. دڵنیام چابی لە لیڤەرکوزن رازی و دڵخۆشە و وەرزی داهاتوو دەمێنێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button