لە ئەگەری نەهاتنی ئێمباپێ ریال مەدرید پلانی چی داناوە؟
یاریگا –
لە مێرکاتۆی هاوینەی داهاتوو، جەمال موسیالای ئەڵمانی پلان “بی” ریال مەدریدە.
پێگەی ESPN بڵاوکردووەتەوە، ریال مەدرید ئەگەر لە هاوینی داهاتوو سەرکەوتوو نەبێت لە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێی فەڕەنسی، ئەوا جەمال موسیالا دەکەن بە شوێنگرەوەی.
ئێمباپێ لە هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس کۆتایی دێت، تا ئێستا گرێبەستی نوێی لەگەڵ پاریسییەکان واژۆ نەکردووە و داهاتووی بە ناڕوونی ماوەتەوە.
ریال مەدرید لە بڕیارەکانی ئەستێرە فەڕەنسییەکە دڵنیا نییە، ترسی لەوە هەیە کیلیان بۆچوونی خۆی بگۆڕێت و گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بۆیە لە ئێستاوە مەدریدییەکان جەمال وەک شوێنگرەوەیەک لە ئەگەری شکست هێنانی گواستنەوەی ئێمباپێ سەیردەکەن.
🚨 Real Madrid will chase Bayern Munich’s Jamal Musiala if they are unable to sign Kylian Mbappé from PSG.
(Source: ESPN) pic.twitter.com/TffcQJvW2h
— Transfer News Live (@DeadlineDayLive) November 5, 2023
جەمال موسیالا لە مانگی شوباتی 2003 لە شتوتگارت لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، خاوەنی باوکێکی نایجێری-بەریتانی و دایکێکی ئەڵمانییە، لە تەمەنی 7 ساڵییەوە لە ئینگڵتەڕا ژییاوە، یاری بۆ ساوسهامپتن و چێڵسی کردووە.
موسیالا لە تەمەنی منداڵیدا هاوڕێیەکی نزیکی جود بێڵینگهام بووە. بەیەکەوە یارییان بۆ هەڵبژاردەی ئینگڵتەڕای خوار 15 ساڵان، خوار 17 ساڵان و خوار 21 ساڵانیش کردووە.
بەڵام دواتر لەیەک جیابوونەوە، بەهۆی ئەوەی موسیالا بڕیاریدا یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بکات، جودیش یاری بۆ هەڵبژاردەی ئینگڵتەڕا دەکات.
بەپێی رۆژنامەی مارکا، جەمال موسیالا تا ئێستا ئامادەنییە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بایرن میونشن نوێبکاتەوە، گرێبەستی یاریزانە تەمەن 20 ساڵانییەکە لە هاوینی 2026 لەگەڵ بایرن کۆتایی دێت.
ئەگەر بارودۆخەکە بەوشێوەیە بەردەوامبێت، موسیالا گرێبەستەکەی نوێنەکاتەوە لە هاوینی 2026 دەبێت بە یاریزانێکی ئازاد، بەمەش دەرفەت بۆ مەدرید دەڕەخسێت تا یاریزانەکە بەرەو سانتیاگۆ بگوازێتەوە و بە جود بێڵینگهامی هاوڕێی شادبکاتەوە.
موسیالا بە یەکێک لە باشترین یاریزانە لاوەکانی ئێستا هەژماردەکرێت، بەدرێسی بایرن لە 138 یاریدا 35 گۆڵی کردووە و 28 گۆڵیشی درووستکردووە.
4 نازناوی بۆندسلیگا، 1 نازناوی چامپیۆنزلیگ، 1 نازناوی جامی جیهانی یانەکان، 1 نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا و 3 نازناوی جامی سوپەری ئەڵمانیای لەگەڵ باڤارییەکان بەدەستهێناوە.