پاپۆ گۆمێز: سزاکەم ڕاگیراوە؛ من هەمیشە بە تەواوی یاساکانم جێبەجێ کردووە
یاریگا
دوو ڕۆژ لەمەوبەر هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە پشکنینی ماددە ووزەبەخشەکانی پاپۆ گۆمێز کە پێش مۆندیالی 2022 ئەنجامدرابوو، پۆزەتیڤ بووە و ئەم یاریزانە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە چالاکییە وەرزشییەکان سڕ دەکرێت. بەڵام ئەو یاریزانە بەیاننامەیەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵوکردەوە، گۆمێز بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە هیچ چالاکیەکی وەرزشی قەدەغە نەکراوە و تەنانەت سڕکردنیشی ڕاگیراوە:
گۆمێز لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت
1) سەرەتا دووپاتی دەکەمەوە کە دوێنێ دوای ڕەزامەندی لیژنەی دژە ماددە ووزەبەخشەکان لە وەزارەتی وەرزشی ئیسپانیا ئاگادارکرامەوە کە سزاکەم دوو ساڵەم ڕاگیراوە. 2) من هەمیشە نەک هەر بە تەواوی پابەند بووم بە هەموو ڕێساکانەوە، بەڵکو بە چەقبەستوویی لە پشت وەرزشی پاک و ئەخلاقی وەستاوم و بە توندی ئیدانەی هەر جۆرە ماددەیەکی قەدەخەکراو کردووە و ڕەتمکردووەتەوە. 3) ئەو تاوانەی کە گوایە بەرامبەرم کراوە، دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ماددەی تێربوتالین لە خوێنمدا بەهۆی خواردنی کەوچکێک شەربەتی کۆکە لەلایەن کوڕەکەمەوە بە هەڵە. بەڵام گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە بەکارهێنانی چارەسەری تێربوتالین بۆ وەرزشوانانی پیشەگەر ڕێگەپێدراوە و لە هیچ حاڵەتێکدا توانای وەرزشی لە تۆپی پێدا باشتر ناکات. 4) مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیەم بە تەواوی بە پارێزەرەکانم سپارد. 5) لە کۆتاییدا سوپاسی هەموو ئەو خۆشەویستی و پاڵپشتییەتان دەکەم کە لەم کاتە سەختانەدا وەرگیراون.