یوێفا تەواوی چالاکییەکانی وەرزشی لە ئیسرائیل رادەگرێت
یاریگا –
یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، تەواوی یارییەکان لە ئیسرائیل بۆ کاتێکی نادیار دوادەخات.
بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، گرژی و ئاڵۆزی لە چەندین شاری ئیسرائیل دروستبووە. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 800 ئیسرائیلی و نزیکەی 400 فەڵەستینی کوژراون. ئەمە جیا لە برینداربوونی هەزاران کەس لەهەردوولا.
بڕیاربوو لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ میوانداری هەڵبژاردەی سویسرا بکات، بەڵام یارییە لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئیسرائیل دواخرا.
یارییەکی دیکەی هەڵبژاردەی ئیسرائیلی ژێر 21 ساڵان و 17 ساڵانیش هەبوو، ئەوانیش دواخران.
یوێفا روونیکردووەتەوە، لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات و بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسرائیل لە پەیوەندیدا دەبێت.
ماکابی حەیفا، پاڵەوانی وەرزی رابردووی پرێمەرلیگی ئیسرائیل بەشداری لە یۆرۆپالیگی ئەم وەرزە کردووە و بڕیارە لە دوای یارییەکانی نێودەوڵەتی، لە ئیسپانیا رووبەڕووی ڤیاڕیال ببێتەوە.