راپۆرتی تایبەتسعوودیەگرنگترین

چۆن رۆناڵدۆ بووەتە باشترین گۆڵکاری مێژووی تۆپی پێ؟

Yariga App

یاریگا –

راهێنەرێکی پێشووی مانچێستەر یونایتد، باس لە چۆنیەتی گۆڕینی شێوازی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاریزانێک کە جار جار گۆڵدەکات، بۆ یاریزانێکی گۆڵکار.

رۆناڵدۆ بە یەکێک لە باشترین گۆڵکارانی مێژووی تۆپی پێی هەژمار دەکرێت و تاوەکو ئێستا 853 گۆڵی لەگەڵ یانەکان و هەڵبژاردەی پۆرتوگال کردووە، بەڵام پێدەچێت، لە سەرەتای کاروانی وەرزشیدا، لە بەردەم تۆڕی گۆڵەکان، زۆر باش نەبووبێت.

ئەم گۆڕانە گەورەیەی کاروانی وەرزشی کریس لە سەردەمی رینێ موێلێنستین، یاریدەدەری ئەوکاتی سێر ئەلێکس فێرگسن روویدا، کاتێک لە یاریزانێکی باڵەوە، بووە یەکێک لە باشترین گۆڵکاران. موێلێنستین، بۆ ماوەی 13 ساڵ لە مانچێستەر کاری کرد و ئێستا یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی ئوسترالیایە.

لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی هەواڵی ئۆپتوس سپۆرت، موێلێنستین دەڵێت

رۆناڵدۆ رۆژ لە دوای رۆژ بەرهەمدارتر دەبوو. گەیشتە قۆناخێک بڕیاری لە یەکلاییکردنەوەی یارییەکان دەدا، کاتێک ئەم گۆڕانکارییە روویدا، زۆر کارم لەگەڵیدا کرد، بە تایبەت بۆ دوا بەرکەوتنی بە تۆپ لە بەردەم گۆڵی تیمی بەرامبەر. پێشتر کریستیانۆ دەیتوانی گۆڵ بکات، بەڵام گۆڵکار نەبوو. پێویست بوو لەسەرم رۆناڵدۆ بکەمە گۆڵکار. ئەویش بەردەوام حەز لە گۆڵ کردن بوو، دەیەویست گۆڵی گرنگ و سەرنجڕاکێش بکات. هەر بۆ ئەم هۆکارەش، زۆر دەرفەتی گۆڵی لەدەستدەدا، چونکە دەیەویست بە شێوەیەکی جوان گۆڵەکان بکات. هەوڵمدا شێوازی بیرکردنەوەی بگۆڕم و تێم گەیاند، تاوەکو بۆت بکرێت، پێویستە گۆڵ بکەیت، ئەمەش گۆڕانکارییە گەورەکەی ژیانی رۆناڵدۆ بوو.

راهێنەرە هۆڵەندییەکە زۆر بە رۆناڵدۆ سەرسامە و زیاتر دەڵێت

ئەوکاتە، رۆناڵدۆ هەموو بژاردەیەکی تێدابوو، تاوەکو ببێتە یەکێک لە باشترین یاریزانانی جیهان. ئەرکی ئێمە گواستنەوەی رۆناڵدۆ بوو، بۆ ژینگەیەکی دروست لەگەڵ کەسانی دروست و پێویست بوو، گواستنەوەکە بە شێوەیەکی نەرم بکرابایە. پێشکەوتنی رۆناڵدۆ، بە ژینگەی دەوروبەری پەیوەست بوو. لە مانچێستەر، چەندین یاریزانی باش لە دەوری کۆببونەوە، جیا لەمەش فێرگسن و کارلۆس کیرۆش، کاریگەر زۆریان لەسەر رۆناڵدۆ هەبوو. بەڵام لە هەمووی گرنگتر، رۆناڵدۆ خۆی بوو، چونکە زۆر بە سەرنجەوە یاری دەکرد، لە دوای تەواوبوونی مەشقەکان، بەردەوام مەشقی زیاتر دەکرد.

هەرچەندە رۆناڵدۆ تەمەنی 38 ساڵە، کەچی ئێستاش بەردەوام لە گۆڵ کردن و لەم وەرزەدا لە خولی رۆشنی سعودی، 9 گۆڵی لە کۆی هەشت یاریدا کردووە.

هەینی داهاتوو نەسر بە سەرکردایەتی رۆناڵدۆ بەرامبەر تائی یاری دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button