بە هۆی گواردیۆلاوە، رۆدری بەشداری سێ یاری داهاتووی یانەکەی ناکات

یاریگا –
یانەی مانچێستەر سیتی بەنیازی ئەوە نییە تانە لە کارتە سوورەکەی رۆدری، یاریزانی ناوەڕاستی یانەکەی بدات.
لە یارییەکەی مانچستەر سیتی بەرامبەر یانەی نۆتینگهام فۆڕێست، کە سیتیزن بە ئەنجامی 0-2 سەرکەوتنی بەدەست هێنا، رۆدری بە کارتی سووری ناوبژیوان لە یارییەکە کرایە دەرەوە.
بەم شێوەیەش یاریزانە ئیسپانییەکە ناتوانێت لە سێ یاری داهاتووی یانەکەی بەشداری بکات. یەکەم یارییش، یاری رۆژی چوارشەمەیە بەرامبەر نیوکاسڵ لە جامی یەکێتی ئینگەڵتەرا.
بە پێی هەواڵێکی دەیلی مەیل، یاریزانە ناوەڕاستکارەکە لە یاری هەفتەی داهاتوو بەرامبەر ڤۆلڤز ئامادە نابێت و دوای ئەوەش بێبەش دەبێت لە یارییەکی هەستیاردا کە مان سیتی رووبەرووی ئارسیناڵ دەبێتەوە و دەبێتە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین یارییەکانی ئەم وەرزەی پریمەرلیگ.
پێپ گواردیۆلا راهێنەری یانەکە بڕیاریداوە هیچ داواکارییەک بۆ سەرلەنوێ سەیرکردنەوە بەو کارتە سوورەی کە رۆدری وەریگرتبوو پێشکەش نەکرێت چونکە پێویستە فێربێت و درک بە هەڵسوکەوتە خراپەکانی لەناو یاریگادا بکات.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە سیتی رووبەڕووی چەندین کێشەی پێکان بووەتەوە، یاریزانانی وەک بێرناردۆ سیلڤا و ماتیو کۆڤاسیچ لەنێو ئەو یاریزانانەدان کە لە یارییەکەی هەفتەی رابردوودا بەشدارییان نەکردووە، ئەمەش کێشەیەکی زۆر بۆ گواردیۆلا دروست دەکات، بەڵام هێشتا ئەو ئامادە نییە بۆ ئەوەی تانە لەسەر کارتە سورەکەی رۆدری بدات.