ئیسپانیاگرنگترین

ئاتلێتیکۆ مەدرید 3-1 ریال مەدرید: رۆخێ بلانکۆس بارسێلۆنای گەیاندە پێشەنگایەتی

Yariga App

یاریگا

ئاتلێتیکۆ مەدرید لە گەڕی شەشەمی لالیگای ئیسپانیا و لە یاریگای واندامیترۆپۆلیتانۆ لە دێربی مەدرید میوانداری ریال مەدریدی کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی 3-1 بردەوە.

تەنها چوار خولەک بەسەر یارییەکە تێپەڕی کرد بوو، ساموێل لینۆ ئاسیستێکی بۆ ئالڤارۆ مۆراتا کرد، ئەو یاریزانەش بە لێدانی سەر توانی گۆڵی یەکەمی رۆخێ بلانکۆس لە یارییەکە بکات.

یاریزانانی ئاتلێتیکۆ بەم گۆڵە نەوەستان و دوای 13 خولەک لە تۆمار کردنی گۆڵەکەی مۆراتا، ئەمجارە لەسەر هەمان شێواز و لە بالی راستەوە بەڵام نیگوێز ئاسیستەکەی کرد و گریزمانیش بە لێدانێکی سەر دووەم گۆڵی بۆ خاوەن یاریگا کرد.

یارییەکە بەردەوام بوو و لە خولەکی 35 تۆنی کرووس ناوەڕاستکاری ریال مەدرید لە دەرەوەی ناوچەی سزا توانی بە شووتێک گۆڵێک بۆ ریال مەدرید بکات و ئەنجامی یارییەکەش بۆ گۆڵێک کەم بکاتەوە و نیوەی یەکەمیش بەم ئەنجامە لە بەرژەوەندی خاوەن یاریگا کۆتایی هات.

نیوەی دووەم یاریزانانی ریال مەدرید بە هیوای یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە گەڕانەوە ناو یاریگا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەند چرکەیەکی کەم لە دەستپێکردنی یارییەکە، دیسان ئالڤارۆ مۆراتا لەسەر هەمان شێوازی دوو گۆڵی پێشتر، ئەمجارەشیان بە لێدانی سەر گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەکەی لە یارییەکە کرد.

لە کۆتاییدا یارییەکە لە بەرژەوەندی ئاتلێتیکۆ مەدرید بە ئەنجامی 3-1 کۆتایی هات و ئەو یانەیە سێیەم بردنەوەی ئەم وەرزەی بەدەستهێنا و کۆی خاڵەکانیش گەیاندە 7 خال و بۆ خانەی حەوتەمی ریزبەندی سەرکەوت، لە بەرامبەردا ریال مەدرید دوای پێنج بردنەوەی لەسەر یەک، تووشی یەکەم دۆڕان بوو و پێشەنگایەتی لالیگای لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا لەدەستدا و بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندی دابەزی.

بابەتی زیاتر

Back to top button