بەرگریکارەکەی چێڵسی پەیوەندی بە نیوکاسڵەوە کرد
یاریگا –
لویس هۆلی بەرگریکاری لاوی یانەی چێڵسی بە خواستن بۆ ماوەی وەرزێک پەیوەندی بە یانەی نیوکاسڵەوە کرد.
هۆڵ لە منداڵییەوە لە ئەکادیمیای چێڵسی گەورە بووە و ئەندامی تیپی خوار هەشت ساڵانی یانەکە بووە بە مەبەستی پەرەپێدانی بەهرەکەی و بەم شێوەیە سەرکەوتوو بووە.
پێش ئەوەی تەمەنی ببێتە 18 ساڵ، توانی بۆ یەکەمجار لە تیپی یەکەمی چێڵسی یاری بکات لە یارییەکەی بەرامبەر چێستەرفیڵد لە قۆناغی سێیەمی جامی یەکێتی ئینگلتەرا لە ساڵی2022، کە هاوکات بوو بە بردنەوەی 5-1 بۆ ئەم تیپە و 90 خولەک یاری بۆ چێلسی کرد.
ئەم یاریزانە وەرزی رابردوو بەشداری ئەکادیمیای چێلسی کردووە و بەشداری مەشقەکانی تیپی یەکەمیشی کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت یارمەتیان بدات ئەگەر پێویست بکات و زیاتر لە 11 یاری بۆ ئەم تیپە ئەنجامداوە و دواجار نازناوی باشترین یاریزانی ساڵ لە ئەکادیمیاکەدا بەدەستهێناوە.
ماوەیەکە دەنگۆی بڕیارەکەی چێڵسی بۆ فرۆشتنی ئەم یاریزانە لە گواستنەوەی هاوینەدا دەبیسترێت، ئێستاش ئەم گواستنەوەیە بە فەرمی کۆتایی پێهاتووە.
کاتژمێرێک لەمەوبەر یانەی نیوکاسڵ بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک رایگەیاند کە ئەم بەرگریکارە ئینگلیزییە گرێبەستێکی خواستن بۆ ماوەی یەک ساڵی واژۆ کردووە و چووەتە نیوکاسڵ بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتری هەبێت بۆ یاریکردن لەم وەرزەدا لە پێکهاتەی تیپە نوێیەکەیدا.
🤝 Welcome to Newcastle United, Lewis Hall!
⚫️⚪️
— Newcastle United FC (@NUFC) August 22, 2023
لە گرێبەستی ئەم یاریزانە لەگەڵ نیوکاسڵ بڕگەیەکی فرۆشتنی ناچاری هەیە، بەڵام ئەم بڕگەیە چالاک دەبێت ئەگەر ئاستی دڵخوازیان پێشکەش بکات. ئەم بەرگریکارە تەمەن 18 ساڵە بڕیارە لە وەرزی نوێدا درێسی ژمارە 20ی یانەی نیوکاسڵ لەبەر بکات.