ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌

بارسێلۆنا شوێنگرەوەی بوسکێتس دەستنیشان دەکات

Yariga App

یاریگا –

ئۆریۆل رۆمیۆ، تەنیا هەنگاوێک دوورە لە پەیوەندیکردن بە یانەی بارسێلۆناوە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی سێرجیۆ بوسکێتس.

یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی گواستنەوەی بارسێلۆنا، جێگرەوەی سێرجیۆ بوسکێتسە، کە لە کۆتایی وەرزی رابردوودا کۆتایی بە مانەوەی خۆی لە کامپ نۆ هێنا.

ماڵپەڕی بلوگرانا ئاماژەی بەوە کرد کە یانە کەتەلۆنیەکە لەگەڵ ئۆریۆل رۆمیۆ بۆ ئەم مەبەستە گەیشتوونەتە رێککەوتن.

یانەی بارسێلۆنا توانی سەرنجی ئەم یاریزانە تەمەن 31 ساڵە رابکێشێت و بۆ کۆتایی هێنان بە گواستنەوەکەشی دەبێت لەگەڵ جیرۆنا بگاتە رێککەوتن. باس لەوە دەکرێت کە هەردوو یانە دانوستانێکی باشیان ئەنجامداوە و ئەگەر شتێکی تایبەت روونەدات، ئەوا بەم نزیکانە گرێبەستەکە لەگەڵ ئۆریۆل کۆتایی پێدێت.

بڕگەی ئازادکردنی یاریزانە ناوەراستەکەی جیرۆنا لە نێوان 5 بۆ 10 ملیۆن یۆرۆ راگەیەندراوە و بەپێی دانوستانەکانی نێوان هەردوو یانە پێشبینی دەکرێت ئەم رێژەیە لە 10 ملیۆن زیاتر نەبێت. هەرچەندە بارسا هەوڵدەدات بە نرخێکی زۆر کەمتر بیگوازێتەوە بەهۆی کێشە داراییەکانی ئێستای، وردەکاری نوێی ئەم دانوستانانە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا رادەگەیەنرێت.

ئۆریۆل رۆمیۆ، کە مێژووی یاریکردنی لە یانەی چێڵسی هەیە، وەرزی رابردوو یەکێک بوو لە باشترین یاریزانەکانی جیرۆنا کە توانی سەرنجی بەڕێوبەرانی بارسێلۆنا بەلای خۆیدا رابکێشێت. کەتەلۆنیەکان بەدوای گرێبەستێکی درێژخایەندا دەگەڕێن لەگەڵ ئەم یاریزانە کە بە دڵنیاییەوە سوودێکی زۆری بۆ ئۆریۆل رۆمیۆ دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button