ریال مەدرید نزیکە لە گواستنەوەی خۆسێلو لە ئیسپانیۆلەوە
یاریگا –
یانەی ریال مەدرید نزیکە لە گواستنەوەی خۆسێلۆی هێرشبەری پێشووی یانەی نیوکاسڵ یونایتد، ستۆک سیتی و هێرشبەری ئێستای یانەی ئیسپانیۆل.
رۆژنامەی زە ئەتڵەتیک بڵاویکردووەتەوە، گرێبەستی خۆسێلۆ هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە بۆ ریال مەدرید، بەڵام گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکی نزیکدا دەڕۆن، یانە ئیسپانییەکە زۆر نزیکە لە یکلایی کردنەوەی گرێبەستەکە لە بەرژەوەندی خۆی.
پاش رۆیشتنی کەریم بێنزێما، ماریانۆ دیاز و ئەسینسیۆ، هێڵی هێرشبەری ریال مەدرید چۆڵبووە و تیپەکە پێویستی بە هێرشبەری نوێیە.
ناوبراو دەبێتە یەکێک لەو یاریزانانەی هێڵی هێرشبەری تیپەکەی کارلۆ ئانچێڵۆتی پڕ دەکاتەوە، بەڵام پێناچێت جێگای لە پێکهاتەی سەرەکی بێت، بەو پێیەی لە تەمەنی 33 ساڵیدایە و ئامانجی یانەکەیش هێرشبەرێکی لاوتر و گۆڵکارترە بۆ سەرکردایەتیکردنی هێڵی پێشەوەی تیپەکەی.
بۆیە پێشبینی دەکرێت هێرشبەرە ئیسپانییەکە وەک یەدەگێکی کاریگەر لەلایەن راهێنەرە ئیتاڵییەکەی مێرێنگی پشتی پێ ببەسترێت لە وەرزی داهاتوودا.
خۆزێلۆ لە وەرزی 2009 تا 2012 یاری بۆ تیپی دووەمی ریال مەدرید کردووە و لە ماوەی یاریکردنی لە پایتەختی ئیسپانیا دوو یاری بۆ تیپی یەکەم ئەنجامداوە و دوو گۆڵیشی کردووە. لەم وەرزەش لە 33 یاری لالیگا لەگەڵ ئیسپانیۆل 16 گۆڵی تۆمارکرد سەرەڕای ئەوەی تیپەکەی دابەزی بۆ ریزی یانە پلە دووەکان.