یاسین بونۆ ئۆفەری یانەیەکی گەورە رەتدەکاتەوە
یاریگا –
یاسین بونۆ، گۆڵپارێزی نێودەوڵەتی مەغریبی ئۆفەرێکی گەورەی بایرن میونشنی رەتکردەوە.
پێگەی ریلیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، لە بازاڕی گواستنەوەکانی زستانەی رابردوودا، بایرن میونشن پەیوەندی بە سێڤییاوە کرد، بۆ ئەوەی پرسیار لە ئەگەری چوونە دەرەوەی یاسین بونۆ بکەن.
پێگەکە روونیکردووەتەوە، یاسین بونۆ لە یاریکردن وەک گۆڵپارێزی سەرەکی لە بایرن میونشن دڵنیانەبووە، بۆیە ئۆفەرەکەی رەتکردووەتەوە، چونکە میونشن تەنیا تاوەکو چاکبوونەوەی مانوێل نۆیەر، پێویستی بە گۆڵپارێزێک هەبوو.
بونۆ ئاستێکی بەرزی لە مۆندیالی قەتەر لەگەڵ هەڵبژاردەی مەغریب پێشکەش کرد، ئەمەش وایکرد زۆربەی یانەکان سەرنجی لەسەر دابنێن، بەڵام بەهۆی پابەندبوونی بە گرێبەستەکەی لەگەڵ سێڤییا و یاریکردن لە ناوەڕاستی وەرز، بونۆ لە سێڤییا مایەوە.
وەڵامەکەی بونۆ بۆ هەموو لایەک جێگەی شۆک بوو، چونکە ئەستەمە ئۆفەری یانەیەکی وەک میونشن رەتبکرێتەوە.
بونۆ لە دوای رەتکردنەوەی ئۆفەرەکە روونیکردووەتەوە، لە سێڤییا خۆشحاڵە و خێزانەکەی دەیانەوێت لە سێڤییا بمێننەوە، چونکە لەو ژیانە راهاتوون.
لە دوای رەتکردنەوەی ئۆفەرەکە لەلایەن بونۆ، بایرن میونشن گرێبەستی لەگەڵ یان سۆمەر، گۆڵپارێزی سویسری و بۆڕووسیا میونشنگلادباخ کرد.
گرێبەستی بونۆی تەمەن 31 ساڵان لە هاوینی ساڵی 2025 لەگەڵ سێڤییا بەسەر دەچێت.