کوردستانگرنگترین

یاریگانێت وردەکاری دەست لەکارکێشانەوەی راهێنەری سۆران ئاشکرا دەکات

یاریگا –

رەفیق سەعید چەندین وردەکاری نوێ لەبارەی وازهێنانی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی سۆران ئاشکرا دەکات و ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی یانەکەش رەتیدەکاتەوە، بە هیچ شێوەیەک دژایەتی راهێنەر کرابێت.

رەفیق سەعید، راهێنەری دەست لەکارکێشاوەی یانەی سۆران بە یاریگانێتی راگەیاند؛

لەگەڵ یانەی سۆران لەکاتی واژۆکردنی گرێبەست لەسەر چەندین خاڵ رێککەوتین، لەوانە، ئەگەر لە قۆناخی یەکەمی خولی پلە یەکی کوردستان، یانەی سۆران لە پلەکانی دواوە بێت، ئەوا خۆی دەست لەکاردەکێشێتەوە و ئەگەر لە پلەکانی ناوەڕاست بەرەو سەرەوە بوو، ئەوا لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت.

رەفیق سەعید

رەفیق سەعید باس لە چەند کێشەیەکی نێو دەستەی کارگێڕی یانەکە دەکات و دەڵێت؛

چەند ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی یانەی سۆران لە سەرەتای دەستبەکاربوونمەوە، دژی من رەفتاریان دەکرد و تەنانەت لەگەڵ دەستنیشانکردنی منیش نەبوون وەک راهێنەری یانەکە، چونکە لە هەڵبژاردنەکانی یانەی سۆران دەنگم بەوان نەداوە و لەگەڵ بە ئەندامبوونی ئەوانیشدا نەبووم لە دەستەی کارگێڕی یانەکە.

راهێنەری دەست لەکارکێشاوەی یانەی سۆران باس لە پیلانی بەردەوامی دەستەی کارگێڕی دەکات و دەڵێت

بەشێک لە ئەندامان بەردەوام بە دوای دەرفەت دەگەڕان بۆ ئەوەی لە پۆستەکەم دووربخەنەوە، رەفیق سەعید بە یاریگانێت گوت؛ لە دوای دوا دۆڕانمان بەرامبەر یانەی ئارارات بە ئەنجامی شەش گۆڵی بێ وەڵام، بەشێک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی فشارێکی زۆریان لە سەرۆکی یانەکە کرد، بۆ ئەوەی بڕیاری دوورخستنەوەم بدات، هەرچەندە سەرۆکی یانەکە لەگەڵ دوورخستنەوەم نەبووە.

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە یاریگانێتی راگەیاند

یەکەمجار نییە یانەی سۆران بەم ئەنجامە گەورانە دەدۆڕێت، بەڵکو لە بەرامبەر یانەکانی هندرێن و برایەتی بە ئەنجامی نزیک دۆڕاوین، تەواوی داواکارییەکانی سەعید رەفیق جێبەجێکراون و هیچ دەستوەردانێک لە کاروباری ئەودا نەکراوە و بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی لەگەڵ مانەوەی رەفیق سەعید نەبوون.

لەبارەی هێنانی راهێنەری نوێ، ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕی یانەی سۆران گوتی

هەریەکە لە سروود غازی و ئەنوەر هەمزە بەربژێری سەرەکین بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی سۆران و بڕیارە لە دوای کۆبوونەوەی ئەمشەویان، پەیوەندی لەگەڵ راهێنەرە نوێیەکە دەست پێبکەن.

یانەی سۆران بە کۆکردنەوەی 24 خاڵ لە پلەی یازدەمی خولی نایابی کوردستان دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button