لایپزیگ – مانچێستەر سیتی| ستیزن بەبێ سەرکردەیە
یاریگا
لە بەردەوامی یارییەکانی قۆناغی شازدەی چامپیۆنزلیگ، ئەمشەو یانەکانی لایپزیگی ئەڵمانی و مانچێستەر سیتی ئینگلیزی رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.
هەردوو یانە لە کاتێکدا لە یاریی چوونی قۆناغی شازدەی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، وەرزی رابردوو لە قۆناغی کۆمەڵەکان رووبەڕووی یەکتری بونەوە و هەر یەکەیان لە یاریگای خۆی براوە بوو.
پێپ گواردیۆلا راهێنەری یانە ئینگلیزیەکە بۆ ئەم یارییە لە تواناکانی سەرکردەی تیپەکەی، کیڤن دێ برۆین بێ بەش دەبێت، بێجگە لەو یاریزانە جۆن ستۆنز و ئێمریک لاپۆرت بە هەمان شێوە بەشداری یارییەکە ناکەن.
– لایپزیگ سێیەمجارە لە دوای قۆناغی کۆمەڵەکان رووبەڕووی یانە ئینگلیزیەکان دەبێتەوە، پێشتر لە تۆتێنهامی بردووەتەوە و بەرامبەر لیڤەرپوول دۆڕاوە.
– مان سیتی پێشتر لە چامپیۆنزلیگ 12 یاریی بەرامبەر یانە ئەڵمانیەکان کردووە و خاوەنی 7 بردنەوە و 4 دۆڕانە.
– ستیزن 7 یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەکانی ئەڵمانیا کردووە، 2 یارییان بردووەتەوە و لە 4 یاریش دۆڕاون.
– ئێرلینگ هالاند پێشتر وەکو یاریزانی بورووسیا دۆرتمۆند 3 یاریی لە بۆندزلیگا بەرامبەر لایپزیگ کردووە و 4 گۆڵی لەو یانەیە کردووە.
پێش یارییەکە پێپ گواردیۆلا راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی لە کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی گووتی “ دوای تیروپشکی قۆناغی شازدە زانیم رووبەڕووی یانەیەکی قورس بوینەوە، ئەوان گرنگیەکی زۆر بە یاریزانە لاوەکان دەدەن و لە رووی توانای جەستەییش، یانە ئەڵمانیەکان هیچ کێشەیان نیە، بۆیە یارییەکی قورس چاوەڕێمان دەکات “.