ریاڵ مەدرید لە بێڵینگهام دووردەکەوێتەوە و لە ئێندریک نزیک دەبێتەوە
یانەی ریاڵ مەدرید هیوایەکی ئەوتۆی نەماوە بۆ گواستنەوەی جود بێڵینگهام بەڵام نزیکە لە ئێندریکی ئەستێرەی لاوی بەڕازیل.
بەگوێرەی مارکا، نرخی بێڵینگهام دەگاتە ١٥٠ ملیۆن یۆرۆ و بەهۆی جامی جیهانییەوە نرخی ٥٠ ملیۆنی چووەتە سەر، مەدریدیش ئامادە نیە بە هیچ جۆرێک لەو پارەیە نزیک ببێتەوە. وازهێنانی مەدرید، ئاسانکاری دەبێت بۆ لیڤەرپوول کە بە خەونەکەی بگات و لاوە ئینگلیزییەکە بەهرەمەندەکە بگوازێتەوە.
هاوکات، فابریزیۆ رۆمانۆی رۆژنامەنووسی بازاڕی گواستنەوەوە، ئاشکرایکرد بەفەرمی مەدرید و نوێنەری ئەو یاریزانە و یانەی پاڵمێراسی خاوەنی یاریزانەکە لە گفتوگۆدان. تا ئێستا پاکێجێکی ٦٠ ملیۆن یۆرۆی لەسەر مێزە، بەوەش نرخی ئێندریکی ١٦ ساڵ زیاتر دەبێت لەو پارەیەی ریاڵ مەدرید لە هێنانی ڤینیسیوس و رۆدریگۆ دا خەرجی کرد.
فابریزیۆ ئاماژەی بەوەشداوە، چێڵسی و پاریس هێشتا دەستبەرداری ئێندریک نەبوون و ئەوانیش لە هەوڵدان.