یاریگا

لە چوار یانەکەی کوردستان تەنها هەولێر سەرکەوتنی بە دەستهێنا

دوای دەستپێکردنەوەی خولی نایابی عێڕاق کە بۆ ماوەی 25 ڕۆژ بە هۆی یارییە دۆستانەکانی هەڵبژاردەی عێڕاق وەستابوو، لە یانە کوردیەکان تەنها هەولێر سەرکەوتنی بە دەستهێنا.

یانەی دهۆک لە شاری بەغداد تووشی یەکەم شکست بوو لەم وەرزەی خولی نایابی عێڕاق کاتێک بە ئەنجامی 2 _ 0 بە یانەی تەڵەبە دۆڕا، دهۆک 9 خاڵی هەیە و لە پلەی یانزەم دێت.

یانەی نەورۆز دوای زنجیرەیەک ئەنجامی باش، لە گەڕی شەشەمی خولەکە بە ئەنجامی 2 _ 1 گۆڵ بە یانەی نەجەف دۆڕا کە یاریەکە لە شاری نەجەف بەڕێوەچوو، نەورۆز بە 9 خاڵ لە پلەی دەیەم دێت.

لە نێو یاریگای خۆی و لە کەش و هەوایەکی باراناویدا، یانەی هەولێر میوانداری یانەی شوڕتەی کرد، هەولێر وێڕای لە دەستدانی لێدانێکی سزا بەڵام یاریەکەی لە شوڕتە بە ئەنجامی 1 _ 0 بردەوە و یەکەم سەرکەوتنی ئەم وەرزەی لە خولی نایابی عێڕاق بە دەستهێنا، هەولێر بە 5 خاڵ لە پلەی پانزەم دێت.

یانەی زاخۆ نەیتوانی جارێکی تر بگەڕێتەوە ڕێچکەی سەرکەوتن و بە ئەنجامی 0 _ 0 لەگەڵ یانەی قاسم یەکسان بوو، زاخۆ بە 4 خاڵ لە پلەی حەڤدەهەم دێت.

ئەنجام و ڕیزبەندی یانەکانی خولی نایابی عێڕاق دوای تەواو بوونی یارییەکانی گەڕی شەشەم

بابەتی زیاتر

Back to top button