
یاریگا-تا دێت قوربانی رووداوە دڵتەزێنەکەی ئەندەنوسیا لە بەرز بوونەوەدایە و بەپێی نوێترین ئامارەکان گەیشتووەتە ١٧٤ مردوو.
رووداوەکە پاش ئەوە هات یانەی ئەریمای خاوەن یاریگا دۆڕان بە پێرسیبای رکابەرە سەرسەختەکەیان بە ئەنجامی ٣-٢. پاش یارییەکە هاندەرانی خاوەن ماڵ رژانە نێو یاریگا و ئەنجامەکەیان پێ قبوڵ نەبوو، لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەیەکی زۆر هاندەر لەنێو یاریگادا بوون و توندوتیژی لێکەوتەوە، بەڵام ئەوەی بووە هۆکاری مردنی هاندەرەکان، گازی فرمێسک رژێنی پۆلیس بوو. لە پانتاییەکی بچووکدا پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردن ئەو گازەی بەکارهێنا و ئەمەش ترس و دڵەراوکێیەکی زۆری بڵاوکردەوە، هەمووان پێکەوە هەوڵی چوونە دەرەوەیان دا لە نێو یاریگا و سەرەنجام بە سەدان کەس بوون بەژێر دەست و پێوە.
جۆکۆ ویدۆدۆی سەرۆکی ئەندەنوسیاش تەواوی یارییەکانی خولی وڵاتەکەی راگرت تا ئەو ئەوکاتەی لێکۆڵینەوە کەسانی بەرپرس ئاشکرا دەکەن.