
یانەی چێڵسی دامیان ویڵۆبی بەڕێوبەری بازرگانی یانەکەی دوورخستەوە بەهۆی تێوەگلانی لە کەیسی بێزارکردنی سێکسی ئافرەتێک.
تەنها یەک مانگە دامیان ئەو پۆستەی وەرگرتووە، بەڵام دەرکەوتووە بەر لەوە چەند جارێک نامەی نەشیاوی بۆ کاتالینا کیم ناردووە کە بریکارێکی وەرزشی سەربەخۆیە.
بەگوێرەی دەیلی مەیل، کیم سکاڵای گەیاندووەتە تۆم گلیکی بەڕێوبەری گشتی چێڵسی و ئەویش بڕیاری دوورخستنەوەی داوە.
دامیان پێشتر لە مانچێستەر سیتی و ئی ئەی سپۆرت کاری کردووە و بەشێک بوو لە گۆڕانکارییەکانی تێد بۆیلی خاوەنی نوێی چێڵسی.
دوای دوورخستنەوەی، بەشێکی ئەو نامانە بڵاوکرانەوە کە ناوبراو بۆ کیمی ناردووە و لە یەکێکیاندا هاتووە دامیان داوای لێدەکات وێنەی رووتی خۆی بۆ بنێرێت و هەروەها کە هات بۆ لەندەن، شەو لای بمێنێتە تاوەکو سێکس بکەن، ئەویش هەرچەندە بەردەوام رەتیدەکاتەوە بەڵام بەڕێوبەرەکەی پێشوو هەر وازناهێنێت و بەردەوامە لەو قسانە.