عێراقکوردستان

یانەی هەولێر هێمای کاپتنی لە سێ یاریزانی کورد وەردەگرێتەوە

دوای ئەوەی یانەی هەولێر وەرزی ڕابردوو لە خولی نایابی عێڕاق مایەوە و ئامانجەکەی خۆی پێکا، هەر زوو کارگێڕی یانەکە دەستیان بە هێنانی یاریزان کرد بە مەبەستی ئەوەی لە وەرزی نوێدا بتوانن ئاستی باشتر و ئەنجامی شایستەتر لە ساڵانی ڕابردوو بۆ یانەکەیان  بە دەست بهێنن.

یانەکەی پایتەختی کوردستان دوێنێ ئێوارە یەکەم یەکەی مەشقی خۆی بە سەر پەرشتی ڕاهێنەری سوری ( نزارمەحڕوس) دەست پێکرد، نزار پێش مەشقی یانەکە لەگەڵ سەرۆکی یانە و سەرپەرشتیاری تیپی خولی عێڕاق و سەرجەم یاریزانانی یانەکە کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا، لەم کۆبونەوەیە بە پێی چەند سەرچاوەیەك مەحروس بە یاریزانانی یانەکە ی ڕاگەیاندووە کەوا ( ئەحمەدئیبراهیم) یاریزانی هەڵبژاردەی عێڕاق کاپتنی یەکەمی تیپەکە دەبێت کە بۆ ئەم وەرزە بە گرێبەستێك گەڕاوەتەوە ڕیزی یانەی هەولێر، ئەمە لەکاتێکدایە یاریزان ( هەردی سیامەند) پێشووتر کاپتنی تیپەکە بووە و بۆ ئەم وەرزەش گرێبەستی لەگەڵ یانەی هەولێر نوێکردۆتەوە.

دوای هەردی سیامەند یاریزان ( شوان مامۆ ) کاپتنی  یانەکە بوو، وەلە ئەگەری سەرەکی بوونی لە یارییەکان، ئەوا بە کاپتنی یەکەم دەستنیشان دەکرا، ئەمساڵ مامۆ وازی لە یاریکردن هێنا و بە بەڕێوەبەری تیپ دەستنیشانکرا، هەروەها کاپتنی سێیەم یاریزان ( کۆسرەت بایز)ە کە تاوەکو ئێستا گرێبەستی نوێ نەکراوەتەوە و لە سەر بڕی گرێبەستەکەی نە گەیشتۆتە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ کارگێڕی یانەکە. بە مەش یانەی هەولێر بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێڕاق سێ کاپتنی کورد لە دەست دەدات و ئەحمەد ئیبراهیم سەرکردایەتی کوڕانی قەڵاومنارە دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button