
یانەی نەورۆز بەشدار لە خولی نایابی عێڕاق کە وەرزی ڕابردوو ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد، یانەکە مەبەستیەتی لە وەرزی نوێی خولی نایابی عێڕاق 2022 _ 2023 ژمارەیەکی قورس بێت و لە پێناو ئەمەشدا چەند یاریزانێکی تازەی گواستۆتەوە ڕیزەکانی و گرێبەستی بەشێك لە یاریزانەکانی پرساڵیشی نوێ کردۆتەوە.
تا ئێستا یانەکە گرێبەستی هەریەك لە یاریزانانی ( مەحەمەد دلاوەر ، ئیبراهیم مەحەمەد ، ڕێکان ڕزگار ، شوانە قادر )ـی بەفەرمی نوێکردۆتەوە و بڕیاریشە دانوستان لەگەڵ بەشێکی تر لە یاریزانەکانی پارساڵ بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ڕازیان بکەن لە یانەکە بمێننەوە.
هەروەها یانەکە تا ئێستا گرێبەستی تازەی لەگەڵ هەریەک لە یاریزانان ( باکۆعومەر ، ڕاستگۆفەریق ) واژۆکردووە.
تاکە نوێنەرەکەی شاری سلێمانی لە خولی نایاب گرێبەستی لەگەڵ دوویاریزانی پیشەگەریش کردووە ئەوانیش هەریەك لە ( ماتیۆس لیمای بەڕازیلی و ئیدریسا تراورێی مالی ) کە وەرزی ڕابردوو لە یانەی نەفتی میسان یاری دەکرد.
بڕیاریشە لەم چەند ڕۆژە بەردەوام بن لە هێنانی یاریزان و تازە کردنەوەی گرێبەستی ئەو یریزانانەی کە ڕاهێنەر دەستنیشانی کردوون، یانەی نەورۆز بە سەرپەرشتی وەلی کەریمی ڕاهێنەر سەرەتای مانگی داهاتوو مەشقەکانیان دەست پێدەکەن وەك ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێڕاق.