عێراقکوردستان

لوئەی سەڵاح هۆکار بوو بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەی کارەباوە بکەم

لەم ساڵانەی دواییدا بەشێکی زۆر لە یاریزانانی کورد بۆ یاریکردن لە خولی نایابی عێڕاق ڕوویان لە یانەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کردووە، یەکێکیش لەو یاریزانانە ( ئیڤان خالید)ـی ناوەڕاستکاری پێشووی یانەی هەولێر و ئێستای یانەی کارەبای شاری بەغدایە، ئیڤان تایبەت بۆ یاریگانێت باس لە بارودۆخی خۆیان دەکات لەگەڵ یانەکەی و هۆکاری پەیوەندیکردنی بە یانەکەی شاری بەغداد ڕووندەکاتەوە و دەڵێت ( من لەگەڵ یانەی کارەبا زۆر ئاسوودەم، ئەوان خاوەن دەستەیەکی ڕاهێنەری زۆر پێشکەوتوون بە شێوازێکی سەردەمیانە کار لەگەڵ پیشەکەیان دەکەن، بەڵام زۆر جار نەبوونی یاریگای باش شێوازی یاریکرن دەگۆڕێت و وات لێدەکات نەتوانی ئاستی تەواو پێشکەش بکەی، دەتوانم بڵێم لە زۆربەی هەرە زۆری یانەکانی عێڕاق جوانتر یاری دەکەین و ئەو ڕیزبەندیەی ئێستا شایستەی یانەکەی ئێمە نیە)


ئیڤان سەبارەت بە پەیوەندی کردنی بە یانەی کارەبا ووتی ( پارساڵ من زۆر دەرفەتم لە یانەکە وەرنەگرت، بەڵام ئەو هەلە کەمانەی پێمدرا توانیم  ئاستی باش پێشکەش بکەم و هەر ئەوەش هۆکاری ئەوە بوو کاتێک لوئەی سەڵاح بووە ڕاهێنەری یانەی کارەبا داوام لێبکات پەیوەندی پێوە بکەم، پێش یانەی کارەبا چەند گرێبەستێکی ترم بۆ هاتبوو لە لایەن یانە بەهێزەکانەوە، بەڵام من پێشووتر ئەزموونی یاریکردنم لە ژێر سەرپەرشتی ڕاهێنەر لوئەی تاقی کردبۆوە لە یانەی هەولێر کە زۆر لێهاتووە بۆیە بێ دوودڵی کارەبام هەڵبژارد)


لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئیڤان خالید دەربارەی یانە کوردیەکانی بەشدار بوو لە خولی نایابی عێڕاق ووتی ( هیچ یانەیەکی کوردی بەم شێوازەی ئێستا توانای پاڵەوان بوونی نیە لە خولی نایابی عێڕاق، چونکە بەدەست هێنانی پلەی یەکەم پێویستی بە پاڵپشتیەکی دارایی تەواو هەیە، نمونەش کاتێک باری دارایی یانەی هەولێر باش بوو توانی چوار جار ببێتە پاڵەوان و بەهەمان شێوەش یانەی دهۆک جارێک، هیوادارم یانەکانی کوردستان پلانەکانیان باشتر بکەن و هاوکاریش بکرێن بۆ ئەوەی جارێکی تر یانە کوردیەکان بگەڕێنەوە سەر سەکۆی ناسناوەکانی خولی عێڕاق)
ئیڤان لە پێشووتردا ساڵانێکی زۆر یاری بۆ یانەی هەولێر و هەروەها نەفتی ناوەڕاست و پێشمەرگەی هەولێر و برایەتی کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button