ئاسیاعێراق

ئەمڕۆ جەویە دووەم یاری خۆی لە پاڵەوانیەتی ئاسیا ئەنجامدەدات

لە یاری دووەمی خۆیدا لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، ئەمشەو کاتژمێر 8:15 یانەی قوەی جەوی لە نێو یاریگای مەلیك فەهدی نێودەوڵەتی لە وڵاتی سعودیە ڕووبەڕووی یانەی مۆمبای ستی هیندی ده بێتەوە، نوێنەرەکەی عێڕاق دوای سەرکەوتنی لە یاری یەکەم بەرامبەر جەزیرەی ئیماڕاتی، هەوڵدەدەن ئەمشەو دووەم سەرکەوتن تۆماربکەن بە سەر یانە هیندیەکە کە یاری یەکەمیان بەرامبەر یانەی شبابی سعودی بە ئەنجامی 3 _ 0 دۆڕاندبوو، دەربارەی یاریەکەش ڕاهێنەری یانەی قوەی جەوی ( حەکیم شاکر ) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند : یاریەکە دەبێ بە هەستیاریەوە ئەنجام بدەین، ڕاستە مۆمبای یاری یەکەمی بە ئەنجامێکی گەورە دۆڕاندووە، بەڵام نابێ وابکەین تووشی ئەنجامی چاوەڕوان نەکراوبین، زۆربەی یاریزانەکانی ئێمە گەنجن دەتوانن ئەو ئەرکەی من پێیان دسپێرم بە باشی جێ بەجێی بکەن، هەوڵدەدەین بەردەوام بین لە سەرکەوتن تاوەکو بتوانین بگەینە قۆناغی داهاتووی خولەکە.

هەروەها یاریزانی هەڵبژاردەی عێڕاق و یانەی قوەی جەوی ( ئیبڕاهیم بایش ) لەهەمان کۆنگرەدا ڕایگەیاند : یاریزانی عێڕاقی بەوە ناسراون لە نێو یاریگادا بە ڕۆحیەتێکی بەرزەوە یاری دەکەن، دەبێ یاری یەکەم لە بیربکەین و ئاگاداری یاریەکەی مۆمبای بین، سەرجەم یارییەکانمان لەم پاڵەوانیەتیە وەکو یاری کۆتایی وایە، ئامانجمان سەرکەوتنە لەم کۆمەڵەیە.

خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بە شێوەی گردبوونەوە ئەنجامدەدرێت و یارییەکانی کۆمەڵەی جەویە لە وڵاتی سعودیە بەڕێوەدەچێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button