ئاسیاعێراق

ئەمڕۆ جەویە یەکەم یاری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا ئەنجامدەدات

ئەمڕۆ هەینی 8/4/2022 لە ووڵاتی سعودیە یانەی قوەی جەوی عێڕاقی یەکەم یاری خۆی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا ئەنجامدەدات، جەویە دوای بەدەست هێنانی پلەی یەکەم لە خولی عێڕاق بۆ وەرزی ڕابردوو، ڕاستەوخۆ بەشداری خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای کرد، ئەمشەو کاتژمێر 11:15 خولەك لە یاریگای مەلیك فەهد لە سعودیە یانەی قوەی جەوی ڕووبەڕووی یانەی جەزیرەی ئیماڕاتی دەبێتەوە.


لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاهێنەری یانەی جەویە حەکیم شاکر ڕایگەیاند ( یانەی جەزیرە کۆمەڵێک یاریزانی پیشەگەر و ناوخۆی بە توانای هەیە، زانیاریمان لە سەر یانەکە هەیە و دەزانین خاڵی لاواز و بەهێزی یانە ئیماڕاتیەکە چیە، بڕوام بە یاریزانەکان هەیە دەتوانین سەرکەوتووبین، ئێمە لە سعودیە لە کەشێکی زۆر خۆشداین لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز )
مەحەمەد ساڵح گۆڵپارێزی یانەی قوەی جەوی لە هەمان کۆنگرە ڕایگەیاند ( هیوادارم سەرکەوتوبین، سەرەڕای ئەوەی ماوەیەکی زۆرە خولی عێڕاق وەستاوە کە ڕەنگە کاریگەری لەسەرمان هەبێت، زۆربەی یاریزانەکانمان یەکەمجارە بەشداری ئەم خولە دەکەن، دەمانەوێ تۆڵەی پارساڵ بکەینەوە کە لە قۆناغی یەکەم ماڵئاواییمان کرد)
خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بە شێوازی گردبوونەوە بەڕێوەدەچێت و لە ماوەی مانگێک یانەکان هەر شەش یاری خۆیان ئەنجامدەدەن، کۆمەڵەی یانەی قوەی جەوی کە پێکهاتووە لە یانەکانی ( قوەی جەوی عێڕاقی ، مۆمبای هیندی ، جەزیرەی ئیماڕاتی ، شبابی سعودی ) لە ووڵاتی سعودیە یاریەکانیان بەڕێوە دەچێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button