ئینگلتەراگرنگترینیاریگا

جادووی شارەی کاپتنی ئارسناڵ کۆتایی نایەت!

ساڵانێکی زۆرە ئارسناڵ بەدەست خراپی کاپتنەکانی یانەکەوە دەناڵێنێت، بەڵام دووبارە بوونەوەی ئەو بابەتە یەک لەدوای یەک بووەتە هۆی ئەوەی هاندەرانی گەنەرز شارەی کاپتنی یانەکەیان وەکو جادوویەکی رەش ببینن.

لە کۆتا ١٥ ساڵدا ئارسناڵ ٩ کاپتنی گۆڕیووە و کۆتا کاپتنی ئاسایی یانەکە تیێری هێنری بوو.  بەر لەوەی ئەو شەرەفەیان پێبدرێت سەرجەمیان یاریزانی بەتوانا و سەرکردە و دڵسۆزبوون بەڵام دوای ئەوە راستەوخۆ دۆخەکە دەگۆڕێت. رۆیشتنی ئاوبامیانگ لە ئارسناڵ و دوورخستنەوەی نوێترین زنجیرەی ئەو بەسەرهاتەیە

٢٠٠٧  : ویلیام گاڵاس

لە یاری بەرامبەر بێرمینگهام کە ٢-٢ بەرامبەربوون گاڵاس بۆردی نێو یاریگای دایە بەرشەق لەسەر بڕیارێکی ناوبژیوان، دوای یارییەکەش لە ژووری خۆگۆڕین لەگەڵ جیلبێرتۆ سیلڤا بوو بە شەڕییان.

ئارسن ڤینگەر لەسەر ئەوە شارەی کاپتنی لێ نەسەندەوە بەڵام لە مانگی ١١ی هەمان ساڵدا لە چاوپێکەوتنێکدا  وتی لە ژووری خۆگۆڕین کێشە لە نێوان یاریزانەکان هەیە و یاریزانە لاوەکانیش تەمەڵن و هەوڵنادەن. دوای ئەوە راستەوخۆ سەرکردایەتی کردنی یانەکەی لێسەندرایەوە.

٢٠٠٨ – ٢٠١١: سیسک فابریگاس

سیسک فابریگاس وەک یەکێک لە باشترین ناوەڕاستکارەکانی ئارسناڵ دەبینرا. تەمەنی تەنیا ٢١ ساڵ بوو کاتێک کرایە کاپتن و دووهەم لاوترین کاپتنی مێژووی یانەکە بوو و وە یەکێک بوو لە خۆشەویسترین یاریزانەکان لە نێو هاندەران. لە ٢٠١١دا لەوکاتەی ئارسناڵ لە یارییەکدا بەرامبەر دەبێت، فابریگاس لە تویتەر وێنەی خۆی لە پێشبڕکێیەکی ئۆتۆمبێل بڵاوکردەوە و هاندەرانی توڕەکرد.

هێندەی نەبرد بە زۆر یانەکەی ناچارکرد رێگەی بدەن بڕوات لە ترۆپکی ئاستی دا.

٢٠١١-٢٠١٢ : روبن ڤان پێرسی 

ڤان پێرسی وەکو یەکێک لە باشترین گۆڵکارەکانی مێژووی ئارسناڵ سەیر دەکرا و لە ٤٨ یاریدا ٣٧ گۆڵی تۆمارکردبوو. ئەویش لە ترۆپکی ئاست و لە کاتی سەرکردایەتیکردنی یانەکەدا، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو رەتیکردەوە گرێبەستەکە لەگەڵ یانەکەی نوێ بکاتەوە. نەک هەر ئەوەندە بەڵکو لەو وەرزەی کرایە کاپتن، ئارسناڵی بەرەو رکابەری سەرسەختییان جێهێشت کە مانچێستەر یونایتد بوو.

٢٠١٢-٢٠١٤: تۆماس ڤێرمایلین 

 ڤێرمایلین بژاردەیەکی ئاسان بوو بۆ سەرکردایەتی چونکە کەسێکی هێمن و لێهاتوو بوو بەڵام دوای ئەوەی کرایە کاپتن، تووشی پێکانێکی سەخت هات.

کار گەیشتە ئەوەی تەنها بە ناو کاپتن بوو، چیتر لە پلانەکانی راهێنەر و مەشقەکان نەدەبینرا. هێندەی پێنەچوو ئەویش یانەکەی ناچارکردن بفرۆشرێت بە بارسێلۆنا.

٢٠١٤- ٢٠١٦: میکێل ئارتێتا

ئارتێتای راهێنەری ئێستای ئارسناڵ دوای رۆیشتنی تۆماس کرایە کاپتن، بەڵام ئەویش بەهەمان شێوە پێکان و دابەزینی ئاست بە کەمی دەبینرا. لە یەکەم وەرزی کاپتنی تەنها لە ١٤ یاریدا و لە دووهەم وەرز تەنها لە ١٢ یاریدا بەشداریکرد.

هێندەی نەبرد وازی لە یاری هێنا و بووە یاریدەدەری راهێنەر لە یانەیەکی دیکەی رکابەر کە ئەویش مانچێستەر سیتی بوو.

٢٠١٦- ٢٠١٨: پێر مێرتێساکەر

دوای ئارتێتا، مێرتێساکەر کرایە کاپتن بەڵام ئەمەیان بەر لەوەش كێشەی پێکانی هەبوو وە زۆربەی وەرزەکە بەشداری نەکرد. هاندەرانی ئارسناڵ نیگەران بوو لەوەی بەرگریکارێکی پێککرا و کەمبینراو کاپتنی یەکەمیان بێت، وەرزی دووهەمی کاپتنی باشترنەبوو لە یەکەم و هێندەی نەبرد ئەویش کۆتایی هات.

٢٠١٨-٢٠١٩: لاورێنت کۆسیێڵنی 

دوای بەرگریکارە ئەڵمانییەکە، بەرگریکارێکی دیکە کرایە کاپتن. ئەویش مۆتەکەی پێکان راستەوخۆ یەخەی گرت و زۆربەی وەرزەکەی لە دەرەوەی لاکێشەی سەوز بەسەربرد. کاتێکیش گەڕایەوە لە یاری کۆتایی یۆرۆلیگ بەرامبەر چێڵسی بە ئەنجامێکی گەورە دۆڕان.

کاپتنی یەکەمی یانەکە هەمووانی شۆک کرد کاتێک رەتیکردەوە لەگەڵ یانەکە لە هاوین گەشت بکات بەرەو ئەمریکا بۆ کامپێکی مەشق ، بۆ ئەوەی یانەکە ناچاربکات رێگەی بدەن بڕوات لە ئارسناڵ و رووبکاتە بۆردۆی فەڕەنسی.

٢٠١٩: گڕانیت شاکا

شاکا هێشتا یاریزانی ئارسناڵە بەڵام ماوەی کاپتنی پڕکێشەبوو لەگەڵ هاندەرانی ئارسناڵ. تا کار گەیشتە ئەوەی هاهووی لێبکرێت و هوتافی لەدژ بوترێتەوە. ئەمەش پاش ئەوەی بەهۆی دابەزینی ئاستی هاندەران رەخنەیان لێگرت و ئەویش بە جوێنێک وەڵامی دانەوە.

شاکا لەسەر ئەوە لە یانەکە سزادرا بەڵام وازی نەهێنا و دواتر لە تویتەر پۆستێکی کرد و دووبارە رەخنەی لە هاندەرانی ئارسناڵ گرت

ئاوبامیانگ 

ئاوبا ئەو یاریزانە بوو کە ئارسناڵ پێویستی بوو لە سەرەتادا توانی بە گۆڵە یەک لەدوای یەکەکانی بەزوویی جێگەی خۆی لە دڵی هاندەرانی یانەکەدا بکاتەوە. ئەمەش وایکرد بکرێتە کاپتنی گەنەرز.

هێرشبەرە گابۆنییەکە نوێترین قوربانی جادووە رەشەکەیە و لە ٢٠٢١ سێ جار بووە بەرباسی میدیاکان

لە مانگی دوو دا، لە کاتێک کەرەنتینی گشتی بوو، ئاوبا وێنەی خۆی بڵاوکردەوە لە دەرەوە و لە کاتی تاتۆیەکی نوێ دا و لەلایەن یانەکەوە سزادرا.

لە مانگی سێ دا، لە دێربی لەندەن دوورخرایەوە چونکە درەنگ گەیشتە مەشقەکان.

لە مانگی ١٢دا،  دەرکەوت درۆی لەگەڵ یانەکەدا کردووە کاتێک داوای مۆڵەتی کردبوو بۆ رۆیشتن  وتبووی دایکم نەخۆشە و لەبری ئەوە لە پشوو بوو. لەسەر ئەوە راستەوخۆ شارەی کاپتنی لێ سەندرایە و لە یارییەکانی یانەکە دوورخرایەوە تاوەکو ئەویش هاوشێوەی بەشێک لە کاپتنەکانی دیکە رووی کردە بارسێلۆنا!

بابەتی زیاتر

Back to top button