فیفا سنوورێک بۆ چاوچنۆکی بریکارەکانی تۆپی پێ دادەنێت
یەکێتی تۆپی پێی جیهان بە یاسا رێگەدەگرێت لەو پارە خەیاڵییەی بریکارەکانی تۆپی پێ وەریدەگرن لە کاتی گواستنەوەی یاریزانان دا.
بەگوێرەی فوتبۆڵ ئیتاڵیا، فیفا بڕیاریداوە مافی فرۆشتنی بریکارەکان ١٠٪ بێت لە کۆی نرخی گواستنەوەکە. واتە لە کاتی فرۆشتنی یاریزانێک بە نرخی ١٠٠ ملیۆن لە رێگەی بریکارێکداوە ئەوا ناوبراو ١٠٪ی پێدەدرێت.
بەگوێرەی فیفا لە ساڵی ٢٠٢١دا زیاد لە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دراوە بە بریکار و نێوەندگیرەکانی نێوان یانەکان لە کاتی گواستنەوەی یاریزاناندا. بە جۆرێک لە ئینگلتەرا ٣٦٪ و لە ئیتاڵیا ٣٥٪ی سەرجەم گواستنەوەکان لە رێگەی بریکارەکانەوە ئەنجامدراوە.
لەم ساڵدا لە ئینگلتەرا ١٣٣ ملیۆن دۆلار دراوە بە بریکارەکان و ئەو وڵاتە بە جیاوازییەکی زۆر پێش خولەکانی دیکەیە بەم جۆرە: ئەڵمانیا ٨٤.٣ ملیۆن، ئیتاڵیا ٧٣.٥ ملیۆن، ئیسپانیا ٣٤.٨ ملیۆن و فەڕەنسا ٣٠.٣ ملیۆن.