عێراقکوردستان

نیاز مەحەمەد ڕیزەکانی یانەی هەولێر جێدەهێڵێت

یاریگا-

دوای تەواو بوونی خولی نایابی عێڕاق و بەدەست هێنانی ڕیزبەندی پلەی دوانزەمی خولەکە، نیازمەحەمەد یاریزانی دڵی بەرگری یانەی هەولێر کە ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد لەگەڵ یانەکەی پایتەختی کوردستان، گرێی دڵی تایبەت بۆ یاریگا دەکاتەوە و باسی ئەزموونی وەرزی ڕابردوو دەکات.

هەڕوەها باس لەوەش دەکات کەوا وەرزی داهاتوو چیبکرێت بۆ ئەوەی جارێکی تر یانەی هەولێر ململانێ لەسەر نازناوی خولی نایابی عێڕاق بکات، نیاز دەڵێت ( لەسەر یانەی هەولێر و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی پێویستە گۆڕانکاری ڕیشەیی بکەن لە شێوازی بەڕێوەبردنی یانەکە، چونکە ساڵانێکە یانەی هەولێر دوورە لە کێبڕکێ کردن لەسەر نازناوی خولی نایابی عێڕاق، ئەمەش تاڕڕادەیەک هاندەرانی بێ ئومێد کردووە کە یانەکە ناتوانێ جارێکی تر بگەڕێتەوە ڕیزبەندیەکانی پێشەوەی خولەکە و ڕەنگە ئەمەش کارێکی باش و گونجاو نەبێت چونکە هەولێر بە ڕکابەریکردن لەسەر نازناو و پلەکانی پێشەوە بە نێوبانگە).

یاریزانەکەی دڵی بەرگری درێژەی بە قسەکانیدا و باسی ئەو ئەزموونە دەکات کە ئەمساڵ یانەی هەولێر لە خولی نایابی عێڕاق تاقی کردەوە کە ئەویش بانگهێشت کردنی چەندین یاریزانی کوردبوو بۆ ڕیزی یانەکە و دەڵێت ( کارێکی باش بوو یانەکە دەستی داوەتێ بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێ یاریزانی پیشەگەری بەتواناتر لە ڕیزی یانەکە یاری بکەن، دەتوانم بڵێم یاریزانەکان ئەمساڵ سودیان لە یانەکە وەرگرت بە پێچەوانەوە نەوەک یانەکە سوود لە یاریزانەکان وەربگرێت، دەبێ یاریزانەکان زیاتر هەوڵبدەن و گرنگی بەخۆیان بدەن بۆ ئەوەی تەمەنێکی درێژیان هەبێت لە خولەکە و لە ڕیزی ئاستەکانی هەڵبژاردەی عێڕاق بانگهێشت بکرێن لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە یانەی هەولێر یاریزانی پیشەگەری بەتوانا بهێنێتە ڕیزی یانەکە بۆ ئەوەی زۆرترین سود بگەینن بە یاریزانە کوردەکان و یانەکە).

نیاز سەبارەت بە مانەوەی خۆی لە ڕیزی یانەی هەولێر نەیشاردەوە و و بەڕوونی هەڕەشە لە یانەکە دەکات و دەڵێت ( ئەگەر یانەی هەولێر وەرزی داهاتوو تەنها بۆ مانەوە لە خولی نایابی عێڕاق بەشداری بکات ئەوا ڕیزی یانەکە جێدەهڵێم، چونکە چەندین جار نزیکبوم لە بانگهێشت کردن بۆ ڕیزی یەکەمی هەڵبژاردەی عێڕاق کە ڕەنگە ئەگەر لە تیپێک یاری بکەیت کەوا ڕکابەری لەسەر نازناو بکات ڕێگاکە ئاسانتر دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕیزی هەڵبژاردەکە، بۆیە نامەوێت ئەودەرفەتانە چیتر لە دەست بدەم ).

سەبارەت بەو گرێبەستانەی پێی گەیشتوون نیاز دەڵێت ( هەردوو یانەی ئەمانەی بەغدا و تەڵەبە و بەفەرمی گرێبەستیان پێشکەش کردووم و بە زارەکیش دوویانەی بەهێزی تر قسەیان لەگەڵ کردووم، بەڵام من نامەوێ پەلەبکەم لە دەستنیشانکردنی یانەی وەرزی داهاتووم، چونکە لەگەڵ بەڕێوەبەرێکی یاریزانان لە گفتوگۆدام ئەو پێی ڕاگەیاندووم یانەیەکی دەرەوەی عێڕاق ئامادەیی دەربڕیوە گرێبەستم لەگەڵ بکات دوای سەیڕکردنی سیڤیەکەم ڕازیبونە بەوەی من وەرزی داهاتوو یاریان بۆبکەم بەڵام لەوەشیان ناکرێ پەلەبکەم و هێشتا لەسەر بڕی گرێبەست و موچەی مانگانەکەم نەگەیشتوینە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ یانەکە).

نیاز مەحەمەد لەگەڵ یانەی هەولێر وەرزی ڕابردوو خاوەن دوو گۆڵ بو کە بەرامبەر هەریەک لە یانەکانی زەوڕا و دیوانیە تۆماریکرد و پێشوتریش ڕیزی یانەکانی ئەمانەی بەغداد و نەفتی ناوەڕاستی تاقی کردۆتەوە و یاری بۆ کردوون لە خولی نایابی عێڕاق.

بابەتی زیاتر

Back to top button