وێمبڵی باوەش بۆ هاندەران دەکاتەوە
یاریگا- ئەنجوومەنی شاری لەندەن لە هەواڵێکی خۆشدا گەڕانەوەی هاندەرانی بۆ نێو یاریگای وێمبڵی ڕاگەیاند.
ڕۆژنامەکانی بەریتانیا، لەنێویشیاندا گاردیان، بڵاویان کردۆتەوە کە بۆ یاریی کۆتایی جامی کاراباوی نێوان مان سیتی و تۆتنهام، ڕێگە بە ژمارەیەکی دیاریکراوی هاندەر دەدەن تا ئامادەی ئەو یارییە ببن، بەڵام لەژێر ڕەچاوکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و لێک دوورکەوتنەوە.
جگە لەو یارییە کۆتاییە کە لە 25ی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت و، پێشتریش هەر بە هەمان مەبەست و واتا بۆ خاوکردنەوەی ڕێکارەکانی تەندروستی لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیار لەسەر ئامادەبوونی هاندەر درا بۆ یاریی پێش کۆتایی FA Cupی نێوان لیستەر سیتی و ساوسهامپتن کە ئەمەشیان هەر وێمبڵی بەناوبانگ لە خۆی دەگرێت و بڕیارە چوار هەزار بلیت بفرۆشرێت.
بۆ زیاتر لە ساڵێکە ئەو یاریگایە خۆڵە لە هاندەرانی لەوەتەی پەتای کۆرۆنا سەری هەڵداوە.