ئیتاڵیا

گاتوسۆ: دەمەوێت لەسەر چیمەنی یاریگا بمرم

یاریگا-جینارۆ گاتوسۆ راهێنەری یانەی ناپۆلی دەڵێت ئەگەر کاتی مردنی هات حەزدەکات کۆتا ساتەکانی لەسەر چیمەنی یاریگا بێت.

گاتوسۆ دوو یارییە بە چاویلکە و بەستنی چاوێکییەوە دەردەکەوێت، دواتر ئاشکرابوو ناوبراو تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن هاتووە.

گاتوسۆ سەبارەت بە بارودۆخی وتی “دان بەوەدا دەنێم ١٢ رۆژێکە وەکو خۆم نیم، لێرەوە بە هەموو ئەو منداڵانەی سەیری ئاوێنە دەکەن و رووخساریان ئاسایی نیە دەڵێم، هەمووتان جوانن و جیهانیتان هەر خۆش بوێت. لە راستیدا ئەمە یەکەمجارم نیە و سێهەم جارە بەم جۆرە کاریگەریم لێدەکات”. گاتوسۆ دواتر وتیشی “ئەگەر کاتی مردنم هات هیوادارم لەو شوێنە بێت کە تێیدا ژیاوم ئەویش چیمەنی یاریگایە”.

نەخۆشییەکەی ئەستێرەکەی مێژووی ئیتاڵیا و میلان کەمبوونەوەی بەرگری خانەکانی چاوی بووە بە ناوی “ئۆکیولار میاسێنزیا” کە بەهۆیەوە دەسەڵاتی بەسەر بەرزکردنەوەی پێڵووی چاویدا نامێنێت و دەنیشێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button