ئەرشیڤ

مارادۆنا، سەماکردن لەگەڵ تۆپی پێدا

تۆپی پێ، دوایین نەریتی پیرۆزی ئەم سەردەمەیە.

تۆپی پێ، دوایین نەریتی پیرۆزی ئەم سەردەمەیە.

نوسینی : بڵند عیرفان

“پازۆلینی”

یاریگا- ئەو دەمەی منداڵ بووم، یەکێک لەو یاریزانانەی منداڵانی گەڕەک داستانئامێزانە باسیان دەکرد، مارادۆنا بوو. بیرمە دەیانگووت: بە شووت، گۆڵچی کوشتووە. بێگومان منیش بڕوام دەکرد; چونکە پێم وا بوو، تۆپی پێ ئەفسانەیە، تاکە شتێکیشە بتوانێ ئەفسانە بێ بۆ من. نە دەمزانی گلگامێش کێیە، نە ئینکیدۆ، نە دەمزانی سۆمەر چییە، نە دەشمزانی ئەفسانەی یۆنانی و ژاپۆنی و ئەسکەندەنافی چییە. منیش وەک منداڵێکی سەرشێت، دڵگەرم و عاشقی تۆپی پێ، وەختێ دەمویست شووت لێبدەم، بەو دڕندەییەی خۆمەوە دەمویست هێندەی ئەوەی مارادۆنا بەهێز بێ کە باسیان لێوە دەکرد. دواتر چەندین یاریزانی تر هاتن: کاناڤارۆ، جێرارد، کریستیانۆ، مێسی، سکۆڵس و گیگز و میلانی و ئیتاڵییەکان… بەردەوام لەو دەمەی چاوەکانم کردووەتەوە، هاندەری لێڤەرپووڵ بووم و بەردەوامیش سەیری یاریم کردووە. بەڵام هیچ شتێک نەیتوانی، بۆ منداڵێکی وەک منی عاشق بە تۆپی پێ، هێندەی مارادۆنا تۆپی پێ بخاتە ئاستی ئەفسانەوە و بتوانم وەک ئەدەبیات، لەگەڵییدا خەیاڵم بڕوا بۆ بۆیرن ئایریس و بارسالۆنە و یاریگاکانی سانسیرۆ و ئەنفێلد و ئۆڵترافۆرد. بۆ من، مارادۆنا ببووە ئەو ئەفسانەیەی، بە ئێستایشەوە تۆپی پێی لای من کردووە بە ئووستوڕە. منداڵی من، منداڵییەک بوو، یەک شتی دەزانی; تۆپی پێ. ئەو دەرگایەیش مارادۆنا کردییەوە و تۆپی پێ بوو بە هەمووشتێک; بە ئەدەبیات، بە شیعر، بە ئایین، یاریگاکانی بە پەرەستگا و تۆپەکەی بە کتێبی پیرۆز، تۆڕی گۆڵی یانەکەشم، مینا خاکی نیشتیمان…
مارادۆنا بوو تۆپی پێی لە نێو دێڕە ئەدەبییەکان، بە نموونە شیعر و چیرۆکی رۆمانەکاندا، برەو پێدا و بردییە نێوییەوە، وایکرد ئەدیب و نووسەرەکان، سەریان بسووڕمێ لە هاندەرەکانی و خۆیشی لە نێو یاریگادا.

“یاریگاکانی ئەم سەردەمە شانۆی تۆپی پێن و هیچ شتێکیش هێندەی تۆپی پێ، ناتوانێت جێگرەوەی شانۆ بێت.
پازۆلینی”

مارادۆنا، بە تەنها یاریزان نەبوو، ئەو شۆڕشگێڕ بوو دەنێو ئەمریکییە هەژارەکانی ئەرجەنتین و ناوچەکەدا. جگە لەوەی کە هاوڕێی شۆڕشگێڕەکان و سۆشیالیستەکان بووە، قاچەکانیشی هێندەی چەکێکی بەهێزی کەلتوری، کاریگەری هەبووە ڕووە و هێزی ئیمپریالیزمی ئەمەریکی. تەنانەت چەندین جار لە نێو ئەوروپا و ئەمریکادا، توشی کێشە بووە لە پێناو ئەو تاتۆیانەی کە بە لەشییەوە بوون. بەتایبەت ئەوەی گیڤارا. ڕاستە مارادۆنا ئەرجەنتینی بوو، بەڵام ڕۆحی ئەو، رۆحی باشووری ئەمریکا بوو لەنێو تۆپی پێدا. ڕۆحی ژیاندۆستیی مارادۆنا، وایکرد لە مەشقەکان و تەنانەت نێو یاریگاشدا، سەما بکات. سەما بکات و بڵێت: ئێمەی خەڵکی باشووری ئەمریکا، بوونمان هەیە. هەرگیز ناتوانین سەما و جەنگ و خۆشەویستیی، لە قاچەکانی مارادۆنا جیا بکەینەوە; گەر وامان کرد، ئەوا مارادۆنا دەبێتە شتێک کە ئیدی مارادۆنا نییە و ئەو مۆدێلەیە لە تۆپی پێ، کە هەنووکە لە سەدەی بیستویەکدا پشان دەدرێت. گەر ئەدیبەکان لە باشووری ئەمریکادا، ئەدەبیان هەڵبژاردایە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی دونیا، ئەوا مارادۆنا تۆپی پێی هەڵبژارد تا شەڕی بوونی خۆی پێبکات. مارادۆنا هێندەی ساباتۆ و بۆرخێس، زیندووە. قاچەکانی و جوڵە سەمائامێزەکانی مارادۆنا، هێندەی ڕۆمانەکانی ساباتۆ و شیعرەکانی بۆرخێس، شوناسی ئەرجەنتینییەکانن. مارادۆنا تەنانەت مەشقەکانی لەڕێگەی سەماوە دەکرد، هەڵگری ئەو ڕۆحە شۆڕشگێڕیی و ژیاندۆستییە بوو، کە لەگەڵ چوونی بۆ نێو دونیای تۆپی پێ، بیرکردنەوە و خەیاڵکردنی لەبارەی تۆپی پێوە گۆڕی. مارادۆنا تەنها لە نێو یاریگادا نەبوو، لە نێو رۆح و ترپترپەی لێدانی ئەرجەنتینی و باشوورییەکاندا بوو. قورسە هاندەرێکی بۆکا، تەنانەت حەزی لە خواردنێکیش بێت هاندەرێکی ڕێڤەرپلەیت حەزی لێیەتی; کەچی هەردووکیان عاشق بە مارادۆنان و بۆی دەگرییەن.
مارادۆنا بوو، سەمای ئەرجەنتینی و ڕۆحی ژیاندۆستی ئەرجەنتینییەکانی بردە نێو تۆپی پێوە.
ماڵئاوا مارادۆنا، تۆپی پێ لەگەڵتدا دەگریێ.

لەم لینکەی خوارەوەدا، بڕوانن کە چۆن مەشق دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button